ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 5ی تشرینی دووەمی 2018 قۆناغی دووه‌می سزاكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

قۆناغی دووه‌می سزاكان كه‌ ئه‌مریكا سه‌پاندویه‌تی به‌سه‌ر ئێراندا چه‌ند بوارێكی گرنگی ئابووری ئێران ده‌گرێته‌وه‌ و واشنتن ده‌یه‌وێت سه‌رچاوه‌ی دارایی و داهاتی گرنگی ئه‌و وڵاته‌ وشك بكات و تاران ناچار بكات واز له‌ پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمی و بالیستیه‌كانی بهێنێت.

گرنگترین ئه‌و كه‌رته‌ ئابوورییانه‌ی كه‌ قۆناغی دووه‌می سزاكانی ئێران ده‌یانگرێته‌وه‌، به‌نده‌ره‌كانی ئێران، كۆمپانیای ده‌ریاوانی و گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی، هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كی دارایی په‌یوه‌ست به‌ پیشه‌سازیی نه‌وت، كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی ئێران و كۆمپانیای بازرگانی نه‌وت و كۆمپانیای نیشتمانی که‌شتیه‌كانی نه‌وتی ئێران ده‌گرێته‌وه‌، كه‌رتی دڵنیایی بانكیش دەگرێتەوە.

هه‌روه‌ها سزاكان هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كی دارایی بیانی له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندی ئێران و هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی دارایی دیکە كه‌ ناوی له‌ناو لیستی سزاكانی ئه‌مریكادا بێت ده‌گرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو ئاڵوگۆڕكردنێكی نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندی ئێرانیش دەگرێتەوە.

مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران

1- ئاشکراکردنی وردەکاری تەواوی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و رێگەدان بە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بۆ گەڕان و پشکنینی وڵاتەکە.

2 - وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە.

3 - رێگەدان بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشکنین و گەڕان بەدوای هەر وێستگەیەکی ئەتۆمی لە ئێران.

4 - وەستاندنی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و هەر مووشەکێک کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێت.

5 - ئازادکردنی هەموو زیندانیێکی ئەمریکی و ئەوانەی هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکان.

6 - وەستاندنی پشتگیری بۆ "چەند گرووپێکی تیرۆریستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

7 - وەستاندنی پشتگیری بۆ تاڵیبان و قاعیدە و" گرووپە تیرۆرستییەکانی دیکە"

8 - وەستاندنی پشتگیری بۆ سوپای قودس لەنێو سوپای پاسداراندا.

9 - ئاساییکردنەوەی هەڵسوکەوتی ئێران دژ بە ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

10 - داماڵینی چەک لە حەشدی شەعبی لە عێراق.

11 - وەستاندنی پشتگیری بۆ حوسییەکانی یەمەن.

12 - کشانەوە لە سووریا و کشاندنەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە وڵاتەکەدا.