ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ڕێبین فەتاح

بەگوێرەی داتاکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوان لەوەتەی ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا، ١٩٥٣ ڕۆژنامەوان و میدیاکار لەسەرتاسەری جیهان دا، تیرۆر کراون. ڕێکخراوەکە کەیسی ١٣٢٣ لە ڕۆژنامەوانەکانی یەکلا کردووەتەوە کە زۆرترین حالەتەکانی کوژرانی ڕۆژنامەوانان لەسەر ئاستی جیهان بۆ عێراق دەگەڕێتەوە کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا ١٨٥ ڕۆژنامەوانی تێدا کوژراوە و لە پاش عێراق، هەریەک لە وڵاتانی سوریا، سۆماڵ، ئەفغانستان و تورکیا دێت لەڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین ڕۆژنامەوانیان تێدا تیرۆر کراوە.

تیرۆری ڕۆژنامەوان و میدیاکاران لە جیهان دا

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (CPJ)، لەوەتەی ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستای ساڵی ٢٠١٨، لەسەرتاسەری جیهان دا (١٩٥٣) ڕۆژنامەوان و میدیاکار تیرۆر کراون، ڕێکخراوەکە دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە کەیسی ٥١٨ لە تیرۆرکراوەکان دڵنیایی تەواوەتی لەسەر نەدراوە. لەڕووی ڕەگەزییەوە، بۆ رێکخراوەکە ڕوون بووەتەوە ١٢٣٠ لە ڕۆژنامەوانەکان لە ڕەگەزی نێرینە و ٩٣ ڕۆژنامەوان لە ڕەگەزی مێینە بوون لەکۆی ١٣٢٣ ڕۆژنامەوانی تیرۆرکراو کە کەیسەکانیان یەکلا کراوەتەوە یان بۆ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان ڕوون بووەتەوە.

داتاکانی تیرۆر و کوژرانی ڕۆژنامەوانان لە جیهان دا، بەگوێرەی کات و شوێن گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٢ تا ٢٠٠٠ بە دیاریکراوی ٣٥٣ ڕۆژنامەوان کوژراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ەوە تا ئێستای ساڵی ٢٠١٨ بە ژمارە ٩٧٠ ڕۆژنامەوانی دیکە تیرۆر کراون، بەوەش ژمارەی ڕۆژنامەوانانی تیرۆر کراو کە کەیسەکانیان بۆ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان ڕوون و یەکلا بووەتەوە، بۆ ١٣٢٣ ڕۆژنامەوانی کوژراو هەڵدەکشێت.

لەڕووی کاتەوە، زۆرترین ڕۆژنامەوان لە ساڵی ٢٠٠٩دا کوژراون کە ژمارەیان ٧٥ ڕۆژنامەوانە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢یشدا ٧٤ ڕۆژنامەوان کوژراون و لە ساڵی ٢٠١٣ و ساڵی ٢٠١٥یشدا لە هەر ساڵێکدا ٧٣ ڕۆژنامەوان کوژراون. داتاکان ئاماژە بە هەڵکشانی ژمارەی ڕۆژنامەوانانی کوژراو لە سەرتاسەری جیهان دەدەن، لەکاتێکدا لە ساڵی ١٩٩٢دا تەنیا ٤٤ ڕۆژنامەوان تیرۆرکراون، بەڵام لەو چەند مانگەی ساڵی ٢٠١٨دا، بە ژمارە ٤٥ ڕۆژنامەوان کوژراون.

دابەشبوونی ڕەگەزی ڕۆژنامەوانانی تیرۆرکراو

بۆ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان ڕوون بووەتەوە، لە کۆی ١٣٢٣ ڕۆژنامەوانی تیرۆرکراو کە کەیسەکانیان یەکلا کراوەتەوە، ١٢٣٠ لە ڕۆژنامەوانەکان لە ڕەگەزی نێرینە و ٩٣ ڕۆژنامەوانی دیکە لە ڕەگەزی مێینە بوون. لەڕوویەکی دیکەیشەوە، دەرکەوتووە کە لەناو ڕۆژنامەوانە تیرۆرکراوەکاندا، ١١٦٥ ڕۆژنامەوانی ناوخۆیی و تەنیا ١٥٩ لە ڕۆژنامەوانەکان بیانی بوون.

چەند هۆکارێکی تایبەت کاریگەر بوون بەسەر زیاتر کوژرانی ڕۆژنامەوانانی نێرینە بەراورد بە ڕۆژنامەوانانی مێینە، لەناویاندا زیاتربوونی ژمارەی ڕۆژنامەوانانی نێرینە بەتایبەت لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، لەکاتێکدا کە داتاکان روونی دەکەنەوە، بەشی زۆری حالەتەکانی کوژرانی ڕۆژنامەوانان بەر ئەو وڵاتانە کەوتووە کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە یان لە باری ڕەگەزییەوە، جیاوازی ڕەگەزی تیایاندا زاڵە.

هەرچی پەیوەندی بە زیاتر کوژرانی ڕۆژنامەوانانی ناوخۆییەوە هەبێت، هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ڕۆژنامەوانانی ناوخۆیی زیاتر و بەشێوەیەکی بەردەوامتر کار لەسەر پرسەکانی ناو کۆمەڵگەکانیان دەکەن و دەسەڵاتەکانی وڵاتەکانیشیان ئاسانتر دەتوانن ببنە هەڕەشە بەسەریانەوە، لەکاتێکدا دەشێت زۆرجار ڕۆژنامەوانە بیانییەکان لە دوورەوە کارێک بکەن یان بۆ وڵاتانی خۆیان بگەڕێنەوە، یان ئەوەی دەسەڵاتەکان تێدەگەن کە کوژرانی ڕۆژنامەوانە بیانییەکان کاریگەریی و لێکەوتی زیاتر لەئاستی نێودەوڵەتی دادەنێت. لەهەمان کاتدا، دیسان ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە لە ڕووماڵکردنی شەڕ و پێکدادانە ناوخۆییەکان یان شەڕەکانی تیرۆریستاندا کوژراون، بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕۆژنامەوانە ناوخۆییەکان زیاتر و بەردەوام لە ڕووماڵکردندان و جگەلەوەش ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیش زۆرجار پشت بە ڕۆژنامەوانی ناوخۆیی دەبەستن لە گواستنەوە و ڕووماڵکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناو وڵاتەکانیان.

عێراق لە تیرۆری ڕۆژنامەواناندا یەکەمە

داتاکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان نیشانی دەدەن، لەوەتەی ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا، ١٨٦ ڕۆژنامەوان لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە تیرۆر کراون، ڕێکخراوەکە کەیسی کوژرانی تەنیا یەک ڕۆژنامەوانی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا یەکلا کردووەتەوە، ئەو کەیسەیش کوژرانی کچە ڕۆژنامەوانی ئاژانسی فرانس پرێس (Lissy Schmidt)ە کە لە ٣ی ئەیلوولی ١٩٩٤ لە شاری سلێمانی کوژرا. تێکڕای ئەو ١٨٥ ڕۆژنامەوانە تیرۆرکراوەی دیکە، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئیستا کوژراون. لەڕووی ڕەگەزییەوە ١٧٠یان لە ڕەگەزی نێرینە و ١٦یان لە ڕەگەزی مێینە بوون، هەروەک ١٥٩ لە ڕۆژنامەوانەکان ناوخۆیی و ٢٧یان بیانی بوون.

لەناو ڕۆژنامەوانانی تیرۆرکراو لە عێراق، ژمارەیەکیان بەنەتەوە کورد و لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون، لەناویاندا، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی و هەروەک ئەو میدیاکارانی دیکە کە لە پاش ٢٠٠٣ لە مووسڵ تیرۆر کران یان ئەو ڕۆژنامەوانانەی لە سەروەختی ڕووماڵکردنی شەڕی داعش کوژران، وەک مستەفا سەعید کامێرامانی کورد کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە نزیک مووسڵ تیرۆر کرا و هەروەک ئەرکان شەریف لەلایەن چەکدارانی سەر بە گرووپە میلیشیا شیعەکانەوە لە ساڵی ٢٠١٧ و لە داقووق تیرۆر کرا.

زۆرترین ڕۆژنامەوان لە عێراق لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٨ تیرۆر کراون، بەشێوەیەک کە لەو شەش ساڵەدا، ١٤٦ ڕۆژنامەوان تیرۆر کراون و لە ساڵانی دواتریشدا جگە لە ساڵی ٢٠١٢، هیچ ساڵێک لە عێراق نەبووە لانی کەم چوار تا پێنج ڕۆژنامەوان نەکوژرێن، لەکاتێکدا ١٠ ڕۆژنامەوان لە ساڵی ٢٠١٣ و هەشت ڕۆژنامەوانی دیکە لە ساڵی ٢٠١٧دا کوژران.

بەپێی داتاکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان، سوریا لەپاش عێراق پلەی دووەمی لە تیرۆری ڕۆژنامەوانان وەرگرتووە، بەو هۆیەوە کە لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٨ بە ژمارە ١٢٣ ڕۆژنامەوان لەو وڵاتەدا کوژراون. بەدوای ئەویشدا فلیپین دێت کە ٨٠ ڕۆژنامەوانی تێدا کوژراوە، بەشێوەیەک کە لە ساڵی ١٩٩٢ تا ٢٠٠٠ هەشت ڕۆژنامەوان کوژراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ەوە تا ئێستا ٧٢ رۆژنامەوان کوژراون، زۆرترین ڕۆژنامەوانی کوژراو لە ساڵی ٢٠٠٩دا بوو کە لەو ساڵەدا ٣٣ ڕۆژنامەوان کوژران.

لە پلەی چوارەمیشدا دەوڵەتی سۆماڵ دێت کە ٦٤ ڕۆژنامەوانی تێدا کوژراوە، کە ٥٠ لەو ڕۆژنامەوانانە لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە کوژراون. دەوڵەتی پاکستان بەهەمان شێوە بۆ ڕۆژنامەوانان ناوچەیەکی ئارام نییە، لەکاتێکدا لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا ٦٠ ڕۆژنامەوانی تێدا کوژراوە و ٥٢ لەو ڕۆژنامەوانانەش لە پاش ٢٠٠١ەوە بۆ ئێستا کوژراون.

لە ڕووسیاش دیسان ٥٨ ڕۆژنامەوان کوژراون، بەڵام زۆرترین حالەتەکانی کوژرانی ڕۆژنامەوان لەو وڵاتەدا، بۆ نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە تا٢٠٠٠ بە ژمارە ٣٣ ڕۆژنامەوانی تێدا کوژراوە. لە هندستان ٤٨ ڕۆژنامەوان، لە ئەفغانستان ٤٧ ڕۆژنامەوان تیرۆر کراون، تێبینی دەکرێت کە ٣٢ لە ڕۆژنامەوانانی هندستان لە پاش ساڵی ٢٠٠١ و هەروەک تەنیا دوو ڕۆژنامەوان لەماوەی ١٩٩٢ تا ٢٠٠٠ لە ئەفغانستان کوژراون و هەر ٤٥ ڕۆژنامەوانەکەی دیکە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە تا ئێستا کوژراون. چەندین وڵاتی دیکە لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەواناندا پلەی پێشەوەیان گرتووە، لەناویاندا مەکسیکۆ ٤٧ ڕۆژنامەوان، تورکیا ٢٥ ڕۆژنامەوان، یەمەن ٢٠ ڕۆژنامەوان، سریلانکا ١٩ ڕۆژنامەوان، لەهەریەک لە تاجیکستان و ڕواندا ١٧ ڕۆژنامەوان، لە لیبیا ١٣ ڕۆژنامەوان، ئۆکرانیا ١٢ ڕۆژنامەوان و لە ئەمریکایش ١١ ڕۆژنامەوان کوژراون کە دوو ڕۆژنامەوان لە ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٣، دوو ڕۆژنامەوان لە ساڵی ٢٠٠١، ڕۆژنامەوانێک لە ساڵی ٢٠٠٧دا، دوو ڕۆژنامەوان لە ساڵی ٢٠١٥ و چوار ڕۆژنامەوان لەو چەند مانگەی ساڵی ٢٠١٨دا.

 

گرتن و شوێنبزربوونی ڕۆژنامەوانان

لە ساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٢ بە ژمارە ١٣ رۆژنامەوان بزر بوون و چارەنووسیان دیار نییە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٨ ژمارەی ڕۆژنامەوانی ونبوو بۆ ٦٠ ڕۆژنامەوان بەرز دەبێتەوە. لەناو ونبووەکاندا، ١٤ ڕۆژنامەوان لە مەکسیکۆ، نۆ رۆژنامەوان لە عێراق، حەوت ڕۆژنامەوان لە ڕووسیا، شەش ڕۆژنامەوان لە سوریا، چوار ڕۆژنامەوان لە لیبیا، چوار ڕۆژنامەوان لە ڕواندا و کۆنگۆ و ئەوانی دیکەیش لە وڵاتانی وەک میسر، یەمەن، ئۆکرانیا، کازاخستان، چین، سریلانکا، ئیندۆنوسیا و چەند وڵاتی دیکە ون بوون. ٤٣ لەو ڕۆژنامەوانانە، ناوخۆیی و ١٥یان بیانی بوون کە ٥٠ لە ونبووەکان لە ڕەگەزی نێرینەن.

لەپاڵ کوژران و بزربوونی ڕۆژنامەوانان، ساڵ بە ساڵ گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانان هەڵدەکشێت، بەڕادەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا، تەنیا ٨١ ڕۆژنامەوان لەسەرتاسەری جیهان زیندانیکراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا، ڕێژەکە بۆ ٢٦٢ ڕۆژنامەوانی زیندانیکراو بەرز بووەتەوە.

بەو شێوەیە لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٧ بە ژمارە ٢٩٥٣ ڕۆژنامەوان لە سەرتاسەری جیهان زیندانی کراون، ئامارەکان ڕوونی دەکەنەوە، لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا، پێ بە پێ زیندانیکردنی رۆژنامەوانان هەڵکشاوە و لە ساڵانی ٢٠٠٠ بەدواوە رێژەکە بەتەواوەتی بەرز بووەتەوە، بەڕادەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٧دا، بەڕێژە سێ ئەوەندەی ساڵی ١٩٩٢ ڕۆژنامەوان زیندانیکراون.

تیرۆری سپی

داتاکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان ڕوونی دەکەنەوە، لە زۆر وڵاتی جیهان دا، لە قۆناغێکی دوور و درێژدا، یان هیچ ڕۆژنامەوانێک نەکوژراون یان تەنیا چەند حالەتێکی تیرۆری ڕۆژنامەوانان تۆمار کراوە، کە ئەگەر ژمارەکەیان بەراورد بکرێت بە حالەتەکانی تیرۆری ڕۆژنامەوانان لە قۆناغێکی دیکە و لە هەمان وڵاتدا، جیاوازییەکی یەکجار زەق و بەرفرەوان هەیە.

لە هەندێک وڵات کە سیستەمێکی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی ستەمکارانە و دیکتاتۆرانە پەیڕەو دەکرێت و تێیدا کەمترین دەرفەت بۆ ئازادی کاری میدیایی ناڕەخسێنرێت، بەشێوەیەکی ئاسایی، کەمترین میدیا و میدیاکاری ئازاد لەو وڵاتانەدا دەردەکەون، ئەوەش وا دەکات کەمترین حالەتی تیرۆری راستەوخۆی ڕۆژنامەوانان بوونی هەبێت. هۆکارەکە ئەوەیە لە بنەڕەتدا دەرفەت بە دروستبوون و دەرکەوتنی میدیا و میدیاکاران نەدراوە، ئازادانە پەیڕەوی لە کاری میدیایی خۆیان بکەن، لێرەدا شێوەیەک لە تیرۆری سپی یان بێدەنگ بەرانبەر بە میدیا و میدکاران پەیڕەوکراوە، هەر لە بنەڕەتدا دەرفەتی لە دەرکەوتنی میدیا نەدراوە، پێش دەرکەوتنی، لەناوبردراوە، ئەوەش دەکرێت بە تیرۆری سپی یان بێدەنگ ناوببردرێت. 

بەگوێرەی داتاکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە دەوڵەتێکی وەک عێراق لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٢ تا ٢٠٠٣ تەنیا یەک ڕۆژنامەوان تیرۆر کراوە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٨ بە ژمارە ١٨٦ ڕۆژنامەوان تیرۆر کراون. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، ئەو وڵاتە خاوەن سیستەمێکی حوکمڕانی دیکتاتۆرانە بوو، دەرفەتی کاری میدیایی ئازاد نەدراوە، تا میدیاکار ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هەڕەشە و تیرۆرکردن ببێتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە و لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دەرفەتێک بۆ ئازادی کاری میدیایی دێتە پێشەوە، سەدان کەناڵی نوێی میدیایی لەلایەن پارت و ڕەوتە سیاسییە جیاوازەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکەیش میدیای سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ لەلایەکی دیکە دروست دەبن. لێرەدا، یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ میدیاکاران دەردەکەوێت و تیرۆرکردنی ڕاستەوخۆی ڕۆژنامەوانان دەست پێدەکات. هەروەک دروستبوونی شەڕ و جەنگ لە وڵاتەکەدا، دۆخێک دێنێتە کایەوە کە میدیاکاران لە کاتی ڕووماڵکردنی شەڕ و جەنگەکاندا یان لە پەنای شەڕ و جەنگەکاندا بکوژرێن.

بارودۆخێک کە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ەوە بۆ میدیا و میدیاکارانی عێراق هاتەکایەوە، هاوشێوەیە لەگەڵ بارودۆخی میدیا و میدیاکاران لە تەواوی ئەو وڵاتانەی کە فەرمانڕەواکانیان ڕووخێنرا یان شۆڕش و ڕاپەڕینی چەکداریی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایان دروست بوو. سوریا کە لەوەتەی ساڵی ٢٠١١ەوە شۆڕشی چەکداریی دژ بە دەسەڵاتدارێتی وڵاتەکە تێیدا دروست بووە، لەوکاتەوە تا ئێستا ١٢٣ ڕۆژنامەوانی تێدا کوژراوە، لەکاتێکدا بەدرێژایی ساڵانی ١٩٩٢ تا ٢٠١٠ هیچ حالەتێکی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانان لە سوریا تۆمار نەکراوە. ئەو هاوکێشەیە ئەگەر لە سەرێکدا کاریگەریی شۆڕش و راپەڕینی چەکداریی یان شەڕ و جەنگەکان بێت بەسەر میدیا و میدیاکارانەوە، لە سەرێکی دیکەوە بە واقیعی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری میدیایی لەو وڵاتاندا گرێدراوە لە ساڵانی پێش دروستبوونی شۆڕش و ڕاپەڕینی چەکداریی یان پێش ڕووخانی ڕژێمی فەرمانڕەوا لەو وڵاتانەدا.

بەو شێوەیە لە تەواوی ئەو وڵاتانەی شەڕ و پێکدادانی چەکدارییان تێدا دروستبوو، لەناویاندا، ئەفغانستان، یەمەن، سۆماڵ، لیبیا، تورکیا و ئەوانی دیکە، ژمارەکانی تیرۆری ڕۆژنامەوانان بەتەواوەتی هەڵکشاوە، ئەوەش هەم بەهۆی کوژرانی میدیاکاران لە سەروەخت و لەڕووماڵی شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکان و هەم بەهۆی دەرکەوتنی میدیا و میدیاکاران لەو قۆناغە نوێیەی وڵاتەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت.