ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، گفتوگۆی نێوان سوپای ئەمەریکا و تورکیا لەبارەی کوردانی سوریاوە بەردەوامە.

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بەدەنگی ئەمەریکا رایگەیاندووە، "سەرۆک ترەمپ و بەرپرسانی کۆشکی سپی لەوە تێگەیشتوون کە تورکیا پەیمانیداوە زیان بەو کوردانە ناگەیەنێت کە لەگەڵماندا شەڕی دژ بە داعشیان کردووە".

بۆڵتن ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا گفتوگۆکانی نێوان سوپای ئەمەریکا و تورکیا بەردەوامە "ئەوەی ئێمە لەم گفتوگۆیانەدا هەوڵی بۆ دەدەین مسۆگەرکردن و پرۆتۆکۆڵ و هەنگاوەکانە کە هەمولایەک ئاسودەبن لەسەر بەڕێوەچوونی هەنگاوەکان".

بۆڵتن باسی لەوەشكردووە، "هیوادارین ئەم گفتوگۆیانە کە تاوەکو هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبن دەرئەجامێکی وەهای هەبێت کە لەلایەن هەردوولاوە پەسەند بکرێت".

حەوتی ئەم مانگە، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا دوای سەردانی بۆ ئیسرائیل و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی فورات پەیوەستە بە كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی داعش لەو ناوچەیە و دڵنیایی توركیا لە بارەی ئاسایشی شەڕڤانە کوردەکانی سوریا کە هاوپەیمانی ئەمەریکان".