ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دوێنێ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف گه‌یشته‌ به‌غدا و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆ ببێته‌وه‌ و سبه‌ی سێشه‌میش سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات، دواتر ده‌چێته‌ سلێمانی، ئنجا نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، ڕۆژی پێنجشه‌میش كۆتایی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ده‌هێنێت.

  زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ دیداری له‌گه‌ڵ عه‌ماڕ حه‌كیم ئاشكرای كرد، له‌ داهاتوویه‌كی نزیك سه‌ركۆماری ئێران حه‌سه‌ن رووحانی سه‌ردانی عێراق ده‌كات، حه‌كیمیش دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ عێراق هه‌میشه‌ پشتیوانی ئێران ده‌بێ له‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر تاران.

عه‌ماڕ حه‌كیم له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی ئیسڵاح و ئیعمار پێشوازیمان له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران محه‌مه‌د جه‌واد زه‌رف و شاندێكی سیاسی و ئابووری یاوه‌ری كرد.

له‌ به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ هاتووه‌، پێوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئێران و پێوه‌ندییه‌ ستراتیجییه‌كان دووپاتیان له‌سه‌ر كرایه‌وه‌، ڕوونمان كرده‌وه‌ كه‌ عێراق هه‌میشه‌ پشتیوانی ئێران ده‌مێنێته‌وه‌، له‌و سزایانه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكایش به‌سه‌ر تارانی ده‌سه‌پێنێت، بۆیه‌ ده‌مانه‌وه‌ی له‌ ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندڕۆیی هاوكاری و پێوه‌ندییه‌كانمان پێشتر بخه‌ین.

له‌ به‌رانبه‌ردا محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ گرنگه‌ هه‌ردوولا ده‌ست به‌و پێوه‌ندییه‌ ستراتیجییه‌ بگرن كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی دراوسێ بنیاتنراوه‌، بۆ زیاتر به‌ره‌و پێشبردنی پێوه‌ندییه‌كانیش بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیك سه‌ركۆماری ئێران حه‌سه‌ن رووحانی سه‌ردانی عێراق بكات.