ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەكەی تیریزا مای، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای بۆ دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا رەت كردەوە، مای كەوتە ژێر مەترسی وەرگرتنەوەی متمانە لێی، بەڵام ئەمڕۆ لە دەنگدانی پەرلەمان سەركەوت و دەربازی بوو.

ئەمڕۆ تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بە پاڵپشتی 325 پەرلەمانتار لە وەرگرتنەوەی متمانە لێی لە پەرلەمانی بەریتانیا رزگاری بوو لەو كاتەی 306 پەرلەمانتار پاڵپشتیان لە وەرگرتنەوەی متمانە لێی كرد. 

بەو ئەنجامەیش مای لە پۆستەكەی و لە پێوەندییەكانی لەگەڵ پەرلەمانتاران بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە تەوافوق لەبارەی چۆنیەتی دەركردنی بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، بۆیە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكە، مای راستەوخۆ داوای لە پارتە سیاسییەكان كرد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بریكزتەوە. 

هەر ئەمڕۆ میشێل بارنێ گەورە دانوستانكاری یەكێتی ئەوروپا لە وتەیەك لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا بەرگری لەو رێككەوتننە كرد كە لەگەڵ مای واژوو كراوە و دوێنێ لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە رەت كرایەوە، بەوەی قبووڵی چوونەدەرەوەیەكی جیاواز دەكەن و ئەو پرسە پێوەستی بە گۆڕینی داواكارییە سەرەكییەكانی لەندەنە.