ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆكی لێژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور رایدەگەیەنێت، رێگریی زۆرە هەیە كە رێگە نادەن ئاوارەكانی عێراق بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

پیتەر ماورییەر سەرۆكی لێژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، رایگەیاند "ھێشتا رێگریی زۆر ھەن كە رێگە نادەن ئاوارەكانی عێراق بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

سەرۆكی لێژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور راشیگەیاند، بونیادنانەوەی پێكھاتەی كۆمەڵایەتیی عێراق پرسێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی وڵاتەكە بتوانێت لاپەڕەی پڕ لە توندوتیژیی رابردووی ھەڵداتەوە.

پیتەر ماورییەر باسی لەوەشكرد، ھێشتا ركابەرایەتیی زۆر ھەن كە رووبەڕووی كۆمەڵگە لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق دەبێتەوە، لەنێویاندا یەك ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار كەس ھێشتا لەنێو عێراقدا ئاوارەن سەرباری تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر كۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و لە ھەر سێ ھاووڵاتی عێراقی یەكێكیان ئاوارەن و لە كەمپەكان دەژیین.

ناوبراو باسی لەوەشكرد، "ئەو وێرانەیی عێراق بەخۆوە بینیوە زۆر راچڵەكێنەرە، بەڵام ئەوەی زۆر روون نییە ئەو بریندارانەیە كە ئەو وێرانەییە خستوویەتییەوە، ئەگەر عێراق بیەوێت لەسەر قاچەكانی رابوەستێت پێویستە كۆمەڵگە كار بۆ بەدیھێنانی ئاشتەوایی بكات لەگەڵ گەرەنتیكردنی گەڕانەوەی ئاسایش".

سەرۆكی لێژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ئەوەشی نەشاردەوە كە، "پێویستە رێوشوێنی گونجاو بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان بگیرێتەبەر، ناشكرێت پەلە بكرێت لەم كارە بەبێ دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و خزمەتگوزاریی بنچینەیی بۆ ئاوارەكان وەكو ئاو و چاودێری تەندروستی و دەرفەتی دەستخستنی بژێوی و ئاسایش و نەھێشتنی پاشماوەكانی جەنگ".