ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ساڵ و نیو پێش ئێستا لە هەرێمی کوردستان ریفراندۆم ئەنجامدرا، ویستیان لە باکوری عێراقەوە تا عەفرین ھێڵێک رابکێشن، بەڵام "ئێمە بشمرین رێگە بەوە نادەین".
سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری لە شاری ئەنقەرە رایگەیاند، "ئیتر تورکیای کۆن نەماوە، ئەمڕۆ دەنگمان بەرز دەکەینەوە، ئۆتۆمبێڵ و فڕۆکەی خۆمان دروست دەکەین، ئەوە بزانن کە ئەمڕۆ لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانمان لە ئیسرائیل و ئەمریکا ناکڕین، بەڵکو رۆڵەکانی ئێمە، ئەندازیارەکانی ئێمە دروستی دەکەن".
وتیشی، "ھێزە دەرەکییەکان دەیانەوێت گوشار لەسەر تورکیا دروست بکەن و بە ئێمەیان وت ناتوانن بچنە ناو عەفرینەوە، چوین، جا چی ئەمریکا یان ئەوروپا بیڵێت، بە ئێمەیان وت لە باکوری عێراق دەوڵەت دادەنرێت، یەک ساڵ و نیو پێش ئێستا گشتپرسی کرا، ویستیان لە باکوری عێراقەوە تا عەفرین ھێڵێک رابکێشن، ویستیان پەیوەندی تورکیا لەگەڵ گشت جوگرافیای باشور بپچڕێنن، بەڵام بشمرین ناهێڵین".
25ی مانگی ئەیلولی ساڵی 2017 ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەڕێوەچو، تێیدا لەسەدا 92.67ی بەشداربوانی راپرسییەکە بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام وڵاتانی دراوسێ بە توندی دژی وەستانەوە و دەروازە سنورییەکانیان بەروی هەرێمدا داخست.