ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بڕیار وایە ئەمڕۆ 12ی شوباتی 2019 لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، نۆ لە سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی کەتالۆنیا لەلایەنی دادگای باڵای ئەو وڵاتەوە بە هۆی ئەنجامدانی راپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کەتالۆنیای ئیسپانیا لە کۆتایی ساڵی 2017 دادگایی بکرێن.

دادگاییەکەیان لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە بەهەزاران لایەنگری پارتە راستڕەوە توندڕەوەکانی ئەو وڵاتە رژانە شەقامەکانی مەدرید دژ بە سەرۆکی ئەو وڵاتە کە لە حزبی سۆسیالیستە و گوایە گفتوگۆ لەگەڵ کەتالۆنییەکان دەکات لەبارەی سەربەخۆیی ئەو هەرێمەوە. هەرچەندە کە سەرۆکی ئەو وڵاتە لەوەتەی رۆژی هەینی رابردووەوە گفتوگۆکانی راگرتووە لەگەڵ لایەنە کەتالۆنییەکان بەوەی کە ئەو ناویبردووە کە ئەو لایەنە کاتەلۆنیایانە دەستبەرداری سەربەخۆیی نابن.

لەلایەکی دیکەوە ئەو سەرکردانەی ریفراندۆمی کەتالۆنیا کە ئێستا لەزینداندان رووبەڕووی سەدان تۆمەتی قورس کراونەتەوە و بۆی هەیە چەندین ساڵ سزابدرێن و قورسترین سزا بەسەریاندا بسەپێندرێت. لەلایەن خۆشیانەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە ترسی گەورەیان هەیە دادگایەکە بێ لایەن نەبێت و سیاسییانە بڕیاربدات و پێشێلی ئازادی رادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ و مافی گەلان بکات و لەناو خۆیاندا تۆڕێکی چاودێرییان پێکهێناوە بۆ ئەو مەبەستە. کە دەیانەوێت فشار بکەن دادگا نەکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسییەوە.

شایەنی باسە کەتالۆنییەکان لەدوای هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجامدا. زۆرینەی ئەو هەرێمە بۆ سەربەخۆیی دەنگیان دا و بەهۆیەوە حکوومەتی ئەوکاتەی ئیسپانیا بە ئاگر و ئاسن هەرێمەکەی داگیرکرد و سەرکردەکانی ڕیفراندۆمی خستە زیندانەوە.