ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

روحاني (يسار) بصحبة رئيس الوزراء العراقي عادل عبد المهدي

سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند كە وڵاتەكەی دەیەوێت پەیوەندییە ئەمنییەكانی لەگەڵ عێراق پەرە پێ بدات بەتایبەتیش لە شەڕی دژبە تیرۆر.

دوای كۆبوونەوەی حەسەن روحانی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەش سازكرا.

میدیاكان بڵاویانكردەوە، حەسەن روحانی سەرەتا ئاماژەی بەوەداوە كە لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، زنجیرەیەك گفتوگۆی باشی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجامداوە كە بوارە جیاوازەكانی گرتووەتەوە.

سەركۆماری ئێران ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە كە ھەر لە یەكەم رۆژەوە، ئێران یارمەتی عێراقی داوە لە شەڕەكانی دژبە تیرۆر و روونیكردووەتەوە كە وڵاتەكەی دەیەوێت پەیوەندییە ئەمنییەكانی لەگەڵ عێراق پەرە پێ بدات بەتایبەتیش لە شەڕی دژبە تیرۆر.

حەسەن روحانی ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە كە حكوومەتەكەی ھەوڵ دەدات لە داھاتوویەكی نزیكدا پڕۆژەی ھێڵی ئاسنین لەگەڵ عێراقدا جێبەجێ بكات.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند، ئەوان درك بەو ئاستەنگانە دەكەن كە رووبەڕووی ئێران بووەتەوە، ھەروەھا ئێرانیش درك بەو ئاستەنگانە دەكات كە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە و گوتی: "ھەر لەسەرەتای شەڕەكانی دژبە رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئێران پشتیوانی پێشكەش بە عێراق كردووە".

 

سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە ژمارەیەك یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان عێراق و ئێراندا واژووكراون لەنێویاندا، یاداشتنامەی پێدانی ڤیزای ھاتن و چوون لەگەڵ ئاسانكاری بۆ بارزگانانی نێوان ھەردوو وڵات.

 

ھەروەھا بەشێك لە یاداشتنامەكان تایبەتن بە بوارەكانی نەوت، بازرگانی، تەندروستی، گواستنەوە، ھەروەھا دامەزراندنی ھێڵی ئاسنین لە نێوان بەسرە و شەلامجە.

 

ئاماژە بەوەدەكرێت كە لە ئێستادا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران، ١٢ ملیار دۆلارە و ھەردوو وڵات ھەوڵ دەدەن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بگەیەننە ٢٠ ملیار دۆلار.