ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاماده‌كردنی : ئاسۆ ده‌وڵه‌ت

دوابه‌دوای ڕاگرتنی سه‌رجه‌م گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌ی بۆینگ 737 ماكس به‌ جۆره‌كانی 7 و 8 و 9 له‌لایه‌ن چین و ئه‌سیوبیا و پتر له‌ هه‌ژده‌ ووڵاتی ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باشوری ئه‌مریكا، ڕۆژی 12 ی مارس شانشینی یه‌كگرتوو بڕیاری دا ئاسمانی خۆی دابخات به‌ڕووی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌ی بۆینگ 737 ماكس، كه‌ بووه‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی دووفڕۆكه‌ی توركی سه‌ربه‌ هێڵی ئاسمانی توركی كه‌ له‌ نیوه‌ی ڕێگا بوون به‌ره‌و ئه‌دنبه‌ره‌ و له‌نده‌ن، هه‌ر بۆیه‌ یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌كان ناچار بوو له‌ ئاسمانی ئه‌ڵمانیا بگه‌ڕێته‌وه‌و ئه‌وه‌ی تریان به‌سه‌ر ئاسمانی ووڵاتی چیك به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا گه‌ڕانه‌وه‌.

هه‌رهه‌مان ڕۆژ، ئاژانسی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ سه‌لامه‌تی فڕین (EASA) كه‌ 32 ووڵات تیایدا ئه‌ندامن بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌ی 737max ی ڕاگه‌یاندن كه‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ ئاسمانی یه‌كێتی ئه‌وروپادا تێپه‌ڕن و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌وروپان ده‌بێت له‌سه‌ر زه‌وی دا بمێننه‌وه‌ هه‌تا كاتێكی نادیار و بڕیاره‌كه‌ش خرایه‌ كار له‌ كاتژمێر هه‌شتی شه‌و به‌كاتی ناوه‌ندی ئه‌وروپا.

بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی فڕینی ئه‌م جۆره‌ فڕۆكه‌یه‌ دوابه‌دوای ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌ دێت كه‌ له‌ ناوه‌ندی فڕۆكه‌وانیدا دروست بووه‌ پاش كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی دووان له‌و فڕۆكه‌یه‌ له‌ماوه‌ی پێنج مانگدا، كه‌ دواترینیان كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی هێڵی ئاسمانی ئه‌سیوپی له‌ ڕۆژی 10 ی مارس 2019 نزیك به‌ شاری ئه‌دیس ئه‌بابا كه‌ به‌ره‌و ووڵاتی كینیا كه‌وتبووه‌ فڕین، هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی ئه‌م فڕۆكه‌یه‌ ته‌نها چوار مانگ بوو به‌ڵام له‌دوا گه‌شتی دا ته‌نها شه‌ش خوله‌ك به‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو له‌ به‌رزی هه‌شت هه‌زار پێ وه‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌و بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی تێكڕای 157 سه‌نشین.