ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مای ئاماژەی بەوە كرد كە زۆر نیگەرانە بە رەتكردنەوەی رێككەوتنی برێكسیت بۆ دووەمجار، ئەوەیشی خستەڕوو كە بەردەوامە لەسەر ئەو باوەڕەی جیابوونەوە لە یەكێتیی ئەورووپا بە شێوەیەكی رێك باشترین دەرەنجامە.

 

دوای ئەوەی پەرلەمانی بەریتانیا دەنگی لەسەر رێككەوتنی برێكسیت دایەوە، تێرێزا مای لە روونكردنەوەیەكیدا باسی لەوە كرد كە ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا پێیگەیشتن باشترین رێككەوتنە و گوتی: "زۆر نیگەرانم لەو بڕیارەی پەرلەمان. بەردەوامم لەسەر ئەو باوەڕەی كە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا بە شێوەیەكی رێك باشترین ئەنجامی دەبێت".

 

تێرێزا مای باسی لەوەیش كرد كە وەك ئەوەی پێشتر پلانی بۆ داندراوە رۆژی چوارشەممە جیابوونەوەی بێ رێككەوتن لە یەكێتیی ئەورووپا دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر ئەوەیش رەتبكرێتەوە، ئەوا بۆ رۆژی دواتر دواخستنی برێكسیت دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەوانیش وەك حكوومەت بەپێی دەرەنجامی ئەو دەنگدانانە كاری پێویست ئەنجام دەدەن.

 

تێرێزا مای جەختیكردەوە كە باشترین شێوازی جیابوونەوە ئەوەیە كە بە رێككەوتنێك بێت و بەڕێكوپێكی ئەنجام بدرێت و گوتی: "بەڵام جیابوونەوە بەبێ رێككەوتن یان دەنگدان بە دواخستنی برێكسیت، ئەو كێشانە چارەسەر ناكات كە رووبەڕووی بووینەتەوە."

 

تێرێزا مای راشیگەیاند، ئەگەر بڕیاری دواخستن بدرێت، یەكێتیی ئەورووپا چاوەڕوانی روونكردنەوە دەكات و گوتی: "پەرلەمان ناچاردەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. ئایا دەیەوێت جێبەجێكردنی ماددەی جیابوونەوە دوابخات، یان دەیەوێت بەڕێككەوتن جیابێتەوە ئەگەر تەنانەت ئەم رێككەوتنەش نەبێت. ئەمانە ئەو بژاردانەبوون كە نەماندەویست، بەڵام لە ئەنجامی بڕیاری ئەمڕۆدا، ناچاردەبین رووبەڕوویان ببینەوە."