ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان

دوای زیاتر لە 200 ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هێزە حکومڕانەکان لەسەر پشکەکانیان لە داهاتی هەرێم ڕێککەوتن، بەپێی زانیارییەکان تا کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکی نوێی هەرێم دەستنیشان دەکرێت و کابینەی نوێ حکوومەتیش چەند هەفتەیەکی دیکە دەخایەنێت.

ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، هەرچەند لەماوەیەکی کەمدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندران، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر ئەنجامەکان، هاوکات ڕێژەی پشکەکانی بەشدارانی حکوومەت و ناکۆکی ناوخۆیی بەشێک لە هێزە سیاسییەکان نەتوانرا لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا حکوومەت پێکبهێنرێت، نەک هەر ئەوەش بەڵکو ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەت زیاتر لە حەوت مانگی خایاند.

سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە و دانیشتن لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆبوونەکان بە ئیجابییانە، بەڵام ئەم دوو هێزە بەردەوام یەکتریان بە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ تۆمەتبار دەکرد.

بەپێی بەدواداچوونەکانی (ڕێگای کوردستان)، جگە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو پارتی، لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، هاوکات ناکۆکی باڵە جیاوازەکانی یەکێتی لەسەر چۆنییەی بەشداربوون لە حکوومەت، جگە لەوەش ناکۆکی لەنێوان سەرجەم لایەنەکان لەسەر وەرگرتنی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات هەبووە.

ئومێد محەمەد پارێزەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەکاتی هەڵمەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هەموو لایەنەکان بەڵێنی گەورەیان بە هاووڵاتییان دەدا بۆ چاککردنی ژیانیان، بەڵام لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەت هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی ئەو بەڵێنانەیان لەبیر کرد و تەنیا کاریان بۆ ژمارەی پۆست و پشکەکانیان دەکرد. گوتیشی؛ "ئەوەی لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا لایەنەکان لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکتری ئەنجامیان نەدا، ئەو بەڵێنانە بوو لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە پاکێجی جۆراوجۆر ڕایان دەگەیاند".

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە حاڵەتێکی ئاسایی و دوای هەموو هەڵبژاردێک دووبارە دەبێتەوە، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم دواکەوتنە جگە لە زیانە ئابوورییەکانی لەسەر هاووڵاتییان هاوکات دیوێکی زۆر ناشیرینی ئەزموونی سیاسی لە هەرێم نیشانی جیهان دەدرێت. 

دیلان قادر ڕۆژنامەنووس لەم بارەیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەشێکی زۆری ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بە فشاری ولاتانی زلهێز بە تایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا بووە، گوتیشی؛ "لەماوەی ڕابردوودا شایدی چەندین لێدوان بووین لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانە دەربارەی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەت". ئەو ڕۆژنامەنووسە پێی وایە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان حکوومەتی نوێ هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، "پێکنەهێنانی حکوومەت حەوت مانگی دیکەش درێژە بخایەنێت شتێکی ئەوتۆ ڕوونادات، چونکە لە بنەڕەتدا دوو حکوومەت لە هەولێر و سلێمانی بوونیان هەیە و ئەوان کارەکان بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت رایی دەکەن، جا حکوومەت هەبێت یاخود نەبێت".

هەرچەند ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بۆ پشکەکانیان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، بەڵام پێناچێت لەماوەیەکی نزیکدا کابینەکە بەتەواوی ڕابگەیەنرێت، بەوپێیەی هێشتا لایەنەکان سەرجەم کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکان دیاری نەکردووە، بۆیە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان هێشتا ئەنجام نەدرێن. لەمبارەیەوە لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی سەر بە حزبەکەی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هێشتا هیچ ناوەکانیان بۆ کاندیدی پۆست و وەزارەتەکان بەتەواوی یەکلایی نەکردووەتەوە، گوتەبێژی یەکێتی باس لەوەش دەکات کە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکانیان مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات. جگە لە یەکێتی، بزووتنەوەی گۆرانیش جگە لە یەکلایی کردنەوەی پۆستە وزارییەکان، کاندیدەکانی دیکەی بۆ وەرگرتنی پۆستەکان یەکلایی نەکردووەتەوە، ئەمەش لە ئایندەدا دەبێتە هۆکارێک بۆ درەنگ کۆبوونەوەی پەرلەمان، لەم بارەیەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە ئەوان پێشتر نەیانویستووە پەرلەمانی کوردستان ببێتە بەشێک لە کێشە، بەگوتەی ڤالا فەرید ئەوان زۆر لایان مەبەست بووە پەرلەمان بەشێک بێت لە چارەسەری پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە چاوەڕێی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانیان کردووە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە کۆبوونەوەکان بەهیچ شێوەیەک باس لە کێشەی کەرکووک و شنگال نەکراوە کە لە ئایندەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتی یەکەمی هەیە لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، ئەمەش هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی بەتایبەتی کەرکووک زۆر نیگەران کردووە.

عیماد محەمەد ڕۆژنامەنوس لە کەرکووک لەسەر فەرامۆشکردنی شارەکە لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاتی ئەوە هاتووە بڕوا بەوە بکەن کە شارەکەیان لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە "فرۆشراوە"، ئەو ڕۆژنامەنوسە جەخت دەکاتەوە کە ئەوەی یەکێتی و پارتی بۆ ئەو شارە ویستویانە نەوتەکەی بووە، ئەوەشی بەلایانە گرنگ نەبووە خاکەکەی و خەڵکەکەی بووە.