ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە خەرجکردنی پارەی ئەو جوتیارانەی کە بەرهەمەکانیان رادەستی حکومەتی عێراق کردووە، ئەوەشی بە دروستکردنی متمانە لە نێوان حکومەت و جوتیاران وەسفکرد.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی هەفتانەیدا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق پابەندە بە خەرجکردنی پارەی جوتیاران، ئەوەش بۆ دروستکردنی متمانەی نێوان حکومەت و جوتیاران گرنگە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەروو، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ئاستێکی باشدایە و هەماهەنگی باش لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەیە و بۆشاییە ئەمنییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە پڕکردووەتەوە.

دەربارەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، عادل عەبدولمەهدی باسی لەوەکرد، لەگەڵ کۆمپانیای سێمنسی ئەڵمانی رێکەوتوون کە هەنگاوی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ چاسەرکردنی کێشەی کارەبا، باوەڕیشیان وایە ئەو رێکەوتنە بەشێکی گرنگ دەبێت لە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە عێراق.