ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان ئاشكرای دەكات، "ئێران چەكی زۆری گەیاندووەتە حەشدی شەعبی لە عێراق بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە".

مزاحم ئەحمەد حوێت گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند، "ئەمریكا لەئێستادا زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی لە سەربازگەكانی عێراق جێگیركردووە و زانیاری پشتڕاستكراویشمان هەیە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا نزیكەی ١٠٠ هەزار سەرباز و راوێژكاری دیكە رەوانەی عێراق دەكات، ئامانج لە كۆكردنەوە و جێگیركردنی سەربازەكان هێرشكردنە بۆسەر ئێران".

حوێت راشیگەیاند، "ئەو هێزەی ئەمریكا بە چەك و تفاقێكی زۆرەوە لە عێراق جێگیركراوە، هەرچەند عێراق وەها خۆی نیشان دەدات كە بێلایەن بێت لە نێوان ململانێ و شەڕی نێوان تاران و واشنتۆن، بەڵام عێراق بەشێكی گەورەی هاوكێشە سەربازی و سیاسییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەبێت".

گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان هەروەها باس لە هەنگاوەكانی ئێران لە عێراق دژبە ئەمریكا دەكات و دەڵێت "ئێرانیش ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەكی زۆر لە مووشەكی بالیستیكی ئێران رادەستی حەشدی شەعبی لە عێراق كراوە تاوەكو بنكە و بارەگای هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق پێ بكرێتە ئامانج".

دەشڵێت "گەیاندن و دابەشكردنی مووشەكی بالیستیكی و جۆرەها چەك لە ئێرانەوە بۆ عێراق لەژێر چاودێری قاسم سولەیمانی بووە كە ئێستا لە عێراقە و سەرقاڵی یەكخستنەوەی نێو ماڵی شیعە و حەشدی شەعبییە دژبە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەیش لە كۆبوونەوەی بەردەوامدایە".

حوێت ئاماژەی بەوەدا كە ئێران دەیەوێت چەند بنكە و بارەگا و كاروانێكی ئەمریكا لە عێراق بكاتە ئامانج، بە مەبەستی كەمكردنەوەی فشارە سەربازییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران. كە رەنگە ئەمە دەرگای جەنگێكی گەورە و خوێناوی بكاتەوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئەمەیش كاریگەری نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت و ناوچە سوننە نشینەكانیش زیانمەند دەبن.