ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەرەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە دۆناڵد تره‌مپ ئاشكرای كرد، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكه‌ن تاران ببێته‌ خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی و دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ گورزی گه‌وره‌ له‌ تاران ده‌وه‌شێنن.

دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی دەلی:  كۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبه‌ڕووی هێزێكی زۆر و گورزێكی كه‌مه‌رشكێن ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌وڵبدات به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكاته‌ ئامانج.

ئه‌و قسانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دوای جێهێشتنی كۆشكی سپی و ڕۆیشتنی به‌ره‌و په‌نسلڤانیا دێ، له‌وێ بۆ ڕۆژنامه‌نووسان قسه‌ی كرد و دوایین بۆچوونی ئه‌مه‌ریكای له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران ڕاگه‌یاند.

تره‌مپ دووپاتی كرده‌وه‌، له‌ میدیاكان و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌واڵی درۆ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كرێ، كه‌ واشنتن ئاماده‌یه‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تاران بكات، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ته‌نیا درۆن و ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌ی گفتوگۆكردن نییه‌.

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانی و خه‌مباری خۆی به‌رانبه‌ر گه‌لی ئێران ده‌ربڕی و دووپاتی كرده‌وه‌، له‌ سایه‌ی ئه‌و ڕژێمه‌وه‌ گه‌لی ئێران له‌ دۆخێكی زۆر خراپدا ده‌ژین و پێویسته‌ ئه‌وان بیر له‌ بژارده‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌.