ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای کوردستان

بەپێی ئامارێک، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، سێ هەزار کەس لە عێراق خۆیان کوشتووە، توێژەرێکی کۆمەڵایەتی پێی وایە بەهۆی تۆمارنەکردنی سەرجەم حاڵەتەکانی مردن لە عێراق ژمارەکە لەوە زیاترە و پەرلەمانتارێکیش ئاماژە بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات وەکو هۆکارێک بۆ خۆکوشتن لە عێراق.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە ئامارێکدا ئاشکرای دەکات، لە ساڵی 2003 تا 2019 سێ هەزار کەس لە عێراق خۆیان کوشتووە. هەربەپێی ئامارەکە هەزار و 500 لەوانەی خۆیان کوشتووە لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2013 بووە، هەزار و 500 کەسی دیکەشیان لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2019 خۆیان کوشتووە.

بەپێی ئامارەکەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا خۆیان کوشتووە یەکسانە بە ژمارەی ئەو کەسانەی لەماوەی ساڵانی نێوان 2003 بۆ 2013 خۆیان کوشتووە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەوڵدان بۆ خۆ کوشتن و دواجار ئەنجامدانی پرۆسەکە لە عێراق لە پەرەسەندندایە.

توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە حاڵەتی کوشتن لە هەموو دنیادا هەیە، بەڵام بە ڕێژەی جیاواز و جەخت لەوەش دەکەنەوە کە ژمارەکە هەرچەند کەمیش بێت لەسەر کاربەدەستانی وڵات و خەمخۆرانی بوارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان پێویستە بە جدی کاری لەسەر بکەن و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی بکەن. ئەوان باس لەوەش دەکەن کە ئەو ئامارەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕای گەیاندووە، هەنگاوێکی باشە بۆ دیاریکردنی ڕێژە و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی خۆکوشتن، بەڵام "بەهۆی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی کە هەیە، زۆر لە حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە عێراق دەشاردرێنەوە و تۆمار ناکرێن"، ئەوان بە پشت بەستن بە حاڵەتە باس لەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا خۆیان کوشتووە، زۆر زیاترە لەو ڕێژەیەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ڕای گەیاندووە. بەگوتەی شەماڵ عوسمان توێژەری کۆمەڵایەتی بەشێک لە هۆکارەکانی خۆکوشتن لە عێراق بۆ نەبوونی دەرفەتی کار و ئەو دنیابینییە نوێیە دەگەڕێتەوە کە گەنجان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێی ئاشنا بوون، بەڵام لە ژیانی ڕاستەقینەدا تەواو پێچەوانەکەی دەبینن، "ئەمە جگە لە پەنابردن بۆ خواردنی حەب و مادەی هۆشبەر کە ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەڕێژەیەکی زۆر بوونی هەیە". 

دوای ڕاگەیاندنی ئامارەکانی خۆکوشتن لەلایەن کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەتی ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەوڵی وروژاندنی ئەو پرسەدان بە ئامانجی تەشەنەنەسەندنی حاڵەتەکانی خۆکوشتن.