ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئه‌گه‌رچی قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ ٧٨٥ ملیار دۆلار، هه‌وڵه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوو‌نه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ تووشی بنبه‌ست بووه‌ به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌نگی و ڕێگریانه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان و میلیشیاكانیان دروستیان كردووه‌.

به‌ پێی شیکارییەکی ناوه‌ندی عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه ‌و شیكارییه‌ سیاسییه‌كان (ICPAR)، هه‌مان ئه‌و حزب و هاوپه‌یمانییه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ له‌‌ ٢٠٠٣ه‌وه‌ حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقیان دروست كردووه ‌و متمانه‌شیان به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی و كابینه‌كه‌ی به‌خشیوه‌، ئێستا كه‌وتوونه‌ته‌ هه‌ڵپه‌ی به‌ دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تی و حزبییه‌كانی خۆیان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فشاره‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی. له‌ كاتێكدا گوشاره‌كانی ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك له‌ ئاسۆی په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌ركه‌وتووه‌ و پشتیوانانی عه‌بدولمه‌هدییش له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشكێنه‌ (محاسه‌سه‌)ی خۆیان خه‌ریكی دادۆشینی داموو ده‌زگاكان و سامانی گشتی عێراقن.

راپۆرته‌كه‌ی (ICPAR)، كه‌ له‌ لایه‌ن محه‌مه‌د حوسێن یه‌كێك له‌ توێژه‌رانی ناوه‌نده‌كه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، له‌ زاری كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه ‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمییه‌وه‌‌ ئه‌وه‌ی ڕوونكردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌ر هه‌مان ئه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ له‌ نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠١٩دا به‌ به‌های زیاتر له‌ ٨٠١ ملیار دۆلار گه‌نده‌ڵیان ئه‌نجامداوه ‌و زیانیان به‌ سامانی گشتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای كۆمه‌ڵێك فێڵ و میكانیزمی دارایی و ئیداری جیاجیاوه‌ وه‌ك پرۆژه‌ی وه‌همی، دزین و به‌قاچاخبردنی نه‌وت، هه‌بوونی زیاتر له‌ له‌ یه‌ك ملیۆن و ١٠٠ هه‌زار فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆری بندیوار له‌هه‌ردوو حكوومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێردا.

ناوه‌ندی عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه ‌و شیكارییه‌ سیاسییه‌كان (www.iraqcr.com) ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆی توێژینه‌وه‌ی سیاسی و ئابوورییه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك توێژه‌ری عێراقی و بیانییه‌وه‌ ئه‌مساڵ دامه‌زرا‌.

له‌م لینكه‌وه‌ ده‌توانن ته‌واوی ڕاپۆرته‌كه‌ بخوێننه‌وه‌

http://www.iraqcr.com/details.aspx?=hewal&jmare=2092&Jor=2&jor2=16