ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

حەسەن روحانی سەركۆماری ئێران ئاشكرای دەكات، ''ئێوە بەدوای دانوستانەوە نین''.

حەسەن روحانی لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی تەندروستی لە تارانی پایتەخت گوتارێكی پێشكەش كرد و باسی لە سزاكانی ئەمریكا كرد.

حەسەن روحانی سەركۆماری ئێران، رەخنەی لە دوایین سزای ئەمریكا گرت و گوتی: ''ئەنجامدانی كارێك وەك ئەوەی رێبەری وڵاتێك بخەیتە لیستی سزاكانەوە دەبێت ژیریت لەدەستدا بێت. ئەوەیش نیشانی دەدات كە دوژمن لە دۆخێكی نائاساییدایە".

حەسەن روحانی ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە وەزیری دەرەوە، محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ وەزیری پێشووی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن لە نیویۆرك كۆبووەتەوە و گوتی: "لە لایەك دەڵێن دانوستان دەكەین هاوكاتی ئەوە وەزیری دەرەوە دەخەنە لیستی سزاكانەوە. ئاشكرایە كە درۆ دەكەن. ئێوە بەدوای دانوستانەوە نین".

سەركۆماری ئێران ئاماژەی بەوەدا كە دوای ئەوەی بەڵێنەكانی رێككەوتنی ئەتۆمییان كەمكردۆتەوە، ئەمریكییەكان توڕەبوون و گوتی: ''باشە بۆ ناڕەحەت دەبن، باشە بۆ ئەوەی بۆ ئێمە باشە بۆ ئێوە خراپ دەبێت؟ كەواتە بە دووفاقی كاروبار ناڕوات بەڕێوە. كۆشكی سپی رووبەڕووی كەم ئەقڵێك بوونەتەوە. بێ ئومێد بوون، چونكە هەرچییەك دەكەن ناگەن بە ئەنجام، ئەوان وایان زانی لە ٢-٣ مانگدا ئێران رووبەڕووی كارەسات دەكەنەوە".

روحانی ئاماژەی بەوە دا كە لە رووی سەربازییەوە دەستنیشانكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان زۆر سەختە و ئەو سیستەمەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی ئەمریكایشی پێكاوە سیستەمی ئێرانە و گوتی: "فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەمان بە سیستەمی ئێران دەستنیشان كرد و دیسانەوە بە موشەكی نیشتمانی پێكامان. بە سیستەمێكی بەرگری وەك ئێس-٣٠٠ نا بەڵكو بە سیستەمی بەرهەمهێندراوی ئێران فڕۆكەكەمان پێكا بۆیە ئەمریكاش كەمێك توڕەیە. دەستی هەموو ئەوانه ماچ دەكەم كە لە وەزارەتی بەرگری و سوپای پاسداران ئەوەیان بەكارهێنا. ئێمە پشوودرێژین و لە ئەمریكا ناترسین. سنوورەكانمان هێڵی سوورن و ئەگەر ببەزێندرێن ناچارین بیانپارێزین".

روحانی داوای لە میدیاكانی وڵاتەكەی كرد هیوا بە خەڵك ببەخشن و بەختەوەری و ژیانی مرۆڤەكان بۆ خۆیان گرنگە و گوتی: "نابێ زۆر دەستوەربدرێتە ژیانی خەڵك. با بەپێی یاساكان لەگەڵیان بجوڵێینەوە. هەوڵدان بۆ دەستوەردانە ژیانی خەڵك لە هەموو شوێنێك و لە هەر بابەتێكدا رەوشێكی نالەبارە".