ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان ئاودێر 

رۆژی چوارشەممە 17-7-2019 لە ڕوداوێكی كەم وێنەدا لە ناو رێستۆرانتی هۆقەبازی شاری هەولێر، دیبلۆماتكارێكی توركیا بەناوی عوسمان كۆسە و دوو كەسی دیكەش كوژران و دوو لەكارمەندانی رێستۆرانتەكەش بریندار بوون.

روداوەكە بەخێرایی بڵاو بوویەوە و لە ماوەیەكی كەمیشدا كاردانەوەی جۆراوجۆری بەداوی خۆیدا هێنا، كە گرنگترینیان تۆمەتباركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان بوو بەبێ هیچ لێكۆڵینەوەیەك و هاوكات هێرشكردنە سەر كەمپی مەخمور و چڕكردنەوەی هێرشەكانی توركیا بوو بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان. 

هەرچەندە تائێستا هۆكاری كوشتنی عوسمان كۆسەو ئەو دوو هاووڵاتییەی هەرێمی كوردستان بەناوەكانی نەریمان عوسمان‌و بەشدار رەمەزان بەنادیاری ماونەتەوە، بەڵام دژە تیرۆری كوردستان لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا رایگەیاندووە كە دوو كەسی بە تۆمەتی روداوەكە دەستگیر كردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكان مەزلوم داغ كە بە تاوانباری سەرەكی ڕوداوەكە ناسێنراوە و وێنەكەی بڵاوكراوەتەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و دژە تیرۆری كوردستان دەستگیر كراوە، لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە كە دوای دەستگیركردنی (مەزلوم داغ)، "تاوانبار لە كردەوە تیرۆریستییەكەی تەقەكردن لە ریستورانتێكی شاری هەولێر، یەكێك لە هاوكارانی بەناوی (محەمەد بیسكسز) كە ناسراوە بە (دژوار، مامەند، یوسف)، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و دژە تیرۆری كوردستان دەستگیر كراوە".

(مەزلوم داغ) كە خەڵكی شاری ئامەدە و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی شاری هەولێرەوە دەستگیركراوە برای "دەرسیم داغ" ئەندامی پەرلەمانی توركیایە لەسەر فراكسیۆنی هەدەپە، پێش دەستگیركردنی و لەكاتی بڵاوكردنەوەی وێنەكەی لەلایەن دەزگای دژەتیرۆرەوە سەزای تەمەللی و پەروین بوڵدان هاوسەرۆكانی هەدەپە لەراگەیەندراوێكدا سەرەڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشەیان كرد، هاوكات ئاماژەیان بەوەشدابوو كە قبوڵناكەن بەهۆی ئەو هێرشە و ناوی براكەیەوە، پەرلەمانتارێكیان بكرێتە ئامانج.

لەلایەكی دیكەوە دوو رۆژ دوای روداوەكە فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا كامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جوودی مەخمووریان بۆردوومان كرد و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون، هاوكات جگە لەم بۆردومانە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی توركیا بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیان چڕ كردووەتەوە و بەهۆیەوە چەندین خێزان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.

دوای تێپەڕبوونی نزیكەی هەفتەیەك بەسەر روداوی كوشتنەكەدا هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان جگە لە بڵاوكردنەوەی وێنەی دوو كەس هیچ لێدوانێكی فەرمییان لەبارەی هۆكارەكان و چۆنییەتی روداوەكە و دەرئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەكانیان بۆ ڕای گشتی بڵاو نەنكردووەتەوە.

بڵاونەكردنەوەی زانیارییەكان و بێ دەنگی دەزگا ئەمنییەكان، گومانی لەسەر روداوی كوشتنی دیبلۆماتكارەكەی توركیا زیاتر كردووە بەتایبەتی شوێنی روداوەكە كە لەسەرجەم شوێنەكانی كامێرای چاودیری دانراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی باس لەوە دەكەن كە بەهۆی هەستیاری پرسەكە زۆرێك لەزانیارییەكان بەشاراوەیی هێڵراوەتەوە تاكو رەوتی لێكۆڵینەوەكان بەئاراستەی تردا نەبرێت.

بەپێی راپۆرتێكی پێگەی "مۆنیتۆر"ی ئەمریكی عوسمان كۆسێ، ئەندامی ئاژانسی سیخوری نیشتمانی توركی (میت) بووە و لە بەشی كاروباری ئێران كاری كردووە، هاوكات پلەكەی لە كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر سكرتێری بووە نەك جێگری كونسوڵی گشتیی.

هەرچۆنێك بێت چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كوشتنی دیبلۆماتكارەكەی توركا لە هەولێر كۆمەڵێك كاردانەوەی لەسەر چەند ئاستێك لێ دەكەوێتەوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئەنقەرە، پەیوەندییەكانی ئاكپارتی و هەدەپە و دواجاریش چڕكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر پارتی كرێكارانی كوردستان و بەئامانج گرتنی كوردانی باكوری كوردستان لەناو خاكی هەرێم بەتایبەتی كەمپی مەخمور.

هەر ئەمەش وای لە هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كرد بە زوویی هۆشداری بداتە دەوڵەتی عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانان و بەرپرسیاركردنیان لە هەر روداوێكی نەخوازراو بۆ سەر كەمپی مەخمور. ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات كە ئەو هێرشەی دژبە گەلی مەخمور ئەنجامدراوە، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ زیهنیەتی داعش نییە، چونكە ئەو گەلە‌، كە هێرشی داعشی تێكشكاند و رێگری لە داگیركردنی باشوری كوردستان كرد و بەناوی هەموو مرۆڤایەتی بەرخۆدانی كرد، تەنانەت ئەگەر ویلایەتە یەكگرتوەكان، حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دژی ئەو هێرشانە لێدوانێكی گونجاو نەدەن، ئەوانیش تۆمەتبار دەبن.

هاوكات دەستگیركردنی (مەزلوم داغ) كە خەڵكی شاری ئامەدە و برای "دەرسیم داغ" ئەندامی پەرلەمانی توركیایە لەسەر فراكسیۆنی هەدەپە پێدەچێت لەچەند روویەكەوە ناكۆكییەكانی ئاكپارتی و پارتی دیموكراتی گەلان بباتە قۆناغێكی دیكە، یاخود وەك چاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن ئەنقەرە بیەوێت لەو رێگەیەوە لە پلانەكانی دژی هەدەپە بەشێوەی جیاواز بەردەوام بێت. لەم روەوە عابد ئیكە، نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات و جەخت دەكاتەوە كە راستە مەزڵوم داغ برای پەرلەمانتارێكیانە لە توركیا، بەڵام ناوبراو هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ هەدەپە و نوێنەرانی هەدەپەدا نەبووە. نوێنەری هەدەپە لە هەرێم جەخت دەكاتەوە كە كردەوەكە كاری ئەوان نییە، "سیاسەتی هەدەپە لە باكوور و تەواوی دنیا ئەوەیە كە رەخنە لە سیستەمەكان دەگرێت و داوای دیموكراسی دەكات و نایەوێت خەڵكی مەدەنی بكوژرێن و باوەڕی بە خەباتی مەدەنی هەیە".

سەبارەت بە چڕكردنەوەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان لەناوخۆی هەرێمی كوردستان، وەك ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاماژەی بۆ كردووە، "سەرجەم پێگەكانی پەكەكە لەناو خاكی عێراق دەكرێنە ئامانج" پێدەچێت قۆناغی جەنگی ئەو دوو لایەنە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بباتە قۆناغێكی دیكە، هەر ئەم مەترسییەش وا لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات كە زۆر بە ئاشكرا داوا لە توركیا و پەكەكە بكات كێشەكانی خۆیان نەهێننە ناو كوردستان و نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە خەڵكی كوردستان.

هەرچی پەیوەندی بە هەولێر و ئەنقەرەوە هەیە وا دەردەكەوێت هەرێمی كوردستان نەیەوێت بەهۆی ئەو روداوەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا تێكبچن، هەربۆیە لەسەر هەرسێ ئاستی سەرۆكایەتی بەیاننامەیان بڵاوكردووەتەوە و سەرەڕای نیگەرانییەكانیان جەخت لە "بەسزاگەیاندنی تۆمەتبارانی روداوەكە) دەكەنەوە، بەشێك لە چاودێرانی دۆخەكە باس لەوە دەكەن كە توركیا ئەم روداوە دەكاتە بیانوو بۆ دەستگرتن بەسەر تەواوی ناوچەكانی هەولێر و دهۆك، یاخود دروستكردنی جەنگێك لە سنوورەكانی ئەو شارانە.

دكتۆر كامەران مەنتك مامۆستای زانكۆ ڕای دەگەیەنێت، هیچ شتێك بەناوی پەیوەندی توركیا هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، ئەوە هەیە باڵادەستی ئەنقەرەیە بەسەر هەولێردا و لە هەرشوێن و كاتێك هەرچییەكی بوێت دەتوانێت بیكات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە توركیا دەیەوێت ئەم رووداوە بكاتە بیانوویەك بۆ دروستكردنی جەنگێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان، "توركیا ئێستا خۆی بۆ پەلاماری رۆژئاوای كوردستان ئامادە كردووە، دەیەویت لەگەڵ دەستپێكردنی هێرش لە باشوریش شەڕی ناوخۆ دروست بكات". ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێیوایە ئەگەر هێزەكانی باشوری كوردستان هۆشیار نەبن و بچنە ناو ئەو شەڕەوە كە توركیا پلانی بۆداناوە، هیچ شتیك نامێنیت بە ناوی مەسەلەی كورد لە باشور.