سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند، هەلی دانوستانیان لەگەڵ ئەمریكا لەدەستنەداوە.
ئاژانسی هەواڵیی ئیرنا IRNA بڵاویكردەوە، حەسەن روحانی لە تارانی پایتەخت لە میانی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی كابینەكەیدا وتارێكی پێشكەشكردووە و تیایدا گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریكا هەڵكردووە.
روحانی گوتی: "ئەم حكوومەتە هەلی دانوستانی لەدەستنەداوە و لەدەستی نادات. تا ئەوكاتەی بەرپرسیارێتیم هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەناوی چارەسەری كێشەكانەوە ئامادەی دانوستانێكی دادپەروەرانە، یاسایی و شكۆمەندین."
سەركۆماری ئێران راشیگەیاند كە بە شێوەیەكی ملكەچ ئامادەی دانوستان نابن و ئاماژەی بەوەدا كە لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونییەوە لە یازدەهەمین حكوومەتدا، هەوڵی داوە بۆ كردنەوەی بەربەستەكانی بەردەم ئەو بابەتانەی ئەگەری رێككەوتن هەیە لەسەریان.