ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شوانە حەسەن ئەبوبەکر : پەیامنێری ڕێگای کوردستان لە بەریتانیا

بەریتانیەکان دژی بڕیاری هەڵپەساردنی پەرلەمان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و دوایانکرد سەرۆک وەزیران و شاژنی ئەو وڵاتە لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە.

ئەمڕۆ لە شارەكانی لەندەنی پایتەخت‌ بەریتانیا و ئەدنبەرە‌و كاردیف‌ و مانجستەر و بریستۆڵ‌ و كامبریدج‌ و دۆرهامیش و چەند ناوچەیەکی تر خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

لە خۆپیشاندانەکاندا بەریتانیەکان دژایەتی خۆیان بۆ بڕیاری هەڵپەساردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەربڕی و بە کارێکی نا دیموکراسی لەقەڵەمیان دا.

ناڕەزایەتی بەریتانیەکان دوای ئەوە دێت کە شاژنی بەریتانیا بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی ئەو ولاتەی پەسەند کرد کە پەیوەستبوو بە هەڵپەساردنی پەرلەمان.

بڕیارە نوێکەی سەرۆک وەزیران و شاژنی بەریتانیا وەکو لادانی بەربەستی بەردەم چوونە دەرەوەی وڵاتەکەیانە لە یەکێتی ئەوروپا.

بەگوێرەی بڕیارەکە، کارەکانی پەرلەمانی بەریتانیا تا بەرواری ١٤ی ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوو هەڵدەپەسێردرێن.

هەرچەندە بەریتانیا دەستورێکی نوسراوی نییە بەڵام، بەگوێرەی عورفە دەستوریەکانی ئەو وڵاتە، سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی هەڵپەساردن و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە.