ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا لە دەنگدانێكی یەكلاییكەرەوەدا سەبارەت بە رێككەوتنی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا بەبێ رێككەوتن (Brexit)، سەركەوتنی بە دەست هێنا.

لە دەنگدانێكدا ئەنجوومەنی گشتی بەریتانیا دەسەڵاتی دیاریكردنی رۆژەڤی دانیشتنی پەرلەمان بە كۆی ٣٢٨ دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە ٣٠١ دەنگی نەخێر لە حكوومەت سەندەوە و رادەستی پەرلەمانتارانی كرد.

ئەنجامی دەنگدانەكە یەكەم دۆڕاندنی هەستیاری سەرۆكوەزیران بۆریس جۆنسۆن بوو لە پەرلەماندا.

ئەمە لەكاتێكدایە كە یەكێك لە پەرلەمانتارانی سەربە پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار بەسەرۆكایەتی بۆریس جۆنسۆن پەیوەندی بە ریزەكانی پارتی لیبراڵ دیموكراتەوە كرد و بەوەیش زۆرینەی لە پەرلەمان لەدەست دا.

دەنگدانەكەی شەوی رابردوو، دەسەڵات بە پەرلەمانتاران دەدات كە پرۆژەیاسای رێگریكردن لە برێكسیت بەبێ رێككەوتن لە دانیشتنی سبەینێدا تەواو بكەن.

ئەگەر بێت و رێكارە یاساییەكانی ئەنجوومەنی گشتی تەواو بێت، پرۆژە یاساكە رەوانەی ئەنجوومەنی لۆردەكان دەكرێت.

پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن بەنیازن كە پرۆسەكە لە ئەنجوومەنی لۆردەكان بەخێرایی تەواو بكەن و شەوی هەینی بیكەن بە یاسا.

لە میانی دەرچوواندنی یاسایەكی لەو شێوەیە ئەگەری هەیە سەرۆكوەزیران بۆریس جۆنسون پرۆسەكە بە دەنگدانێكی بێ متمانەیی دژبە خۆی وەسف بكات و وڵات بەرەو هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بەرێت.