ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پێشنیازەكەی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەخت لە ١٥ی تشرینی یەكەمدا لە پەرلەمان پەسەند نەكرا.

لەو دەنگدانەدا كە دوێنێ لە ئەنجوومەنی گشتیی بەریتانیا ئەنجامدرا، پێشنیازەكەی بۆریس جۆنسۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەخت لە ١٥ی تشرینی یەكەمدا، توانی ٢٨٩ دەنگی "بەڵێ" لە بەرامبەر ٦٥ دەنگی "نەخێر"دا بەدەست بهێنێت، بەڵام پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەكانی ئەنجوومەنەكە هەبوو كە ٦٥٠ ئەندامی هەیە و نەیتوانی بەدەستی بهێنێت.

پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانییان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بە پەسەندكردنی ئەو پرۆژە یاسایەوە بەستبوویەوە كە رێگریی لە برێكسیتی بێ رێككەوتن دەكات. 

ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا نیگەرانە لەوەی بۆریس جۆنسۆن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختدا دیفاكتۆیەك بخوڵقێنێت و وڵات بەبێ رێككەوتن لە یەكێتیی ئەورووپا جیابكاتەوە. لەنێو پارتەكانی ئۆپۆزسیۆندا باس لە بەروارێك لە مانگی تشرینی دووەمدا بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختی گریمانەكراو، دەكرا.

لەو دەنگدانەی كە ئێوارەی دوێنێ لە ئەنجوومەنی گشتیی بەریتانیا ئەنجامدرا، ئەو پرۆژە یاسایەی كە رێگریی لە برێكسیتی بێ رێككەوتن دەكات و ئۆپۆزسیۆن پێشكەشیكردبوو، بە ٣٢٧ دەنگ بەرامبەر ٢٩٩ دەنگ، پەسەند كرابوو. دوای ئەوەش پرۆژە یاساكە بە مەبەستی دەنگدان لەسەری، رەوانەی ئەنجوومەنی لۆردەكان كرابوو.

لە پرۆژە یاساكەدا هاتووە، ئەگەر بێت و حكوومەتی بەریتانیا تا ١٩ی تشرینی یەكەم نەتوانێت رێككەوتنێكی برێكسیت لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپادا ئەنجام بدات یان رەزامەندیی پەرلەمان بۆ برێكسیتی بە رێككەوتن بەدەست نەهێنێت، ئەوا ناچار دەبێت داوای سێ مانگ دواخستن لە یەكێتیی ئەورووپا بۆ برێكسیت بكات.