شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خاوێنترین ناوچەی ئێران بوون لەڕووی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە، بەڵام ئێستا رۆژ لە دوای رۆژ ئاماری ئاڵوودەبووان و بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر بەرەو هەڵكشان دەچێ.
بەپێی ئاماری فەرمیی دەوڵەت، ژمارەی بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە ئێران گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 808 هەزار كەس، بەڵام كارناسان و پسپۆڕانی ئەو بوارە دەڵێن ئەوەی حكومەت ئاشكرای كردووە تەنیا 30%ی بەكارهێنەران دەبێ.
بەپێی ئامارەكان 50%ی تووشبووان تەمەنیان لە 29 ساڵ كەمترە. 11%ی بەكارهێنەرانیش لە رەگەزی مێن.
رۆژهەڵاتی كوردستان كە تاوەكو سەرەتاكانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979 بە دەگمەن بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەری تێدابووە، ئێستا لە هەر چوار پارێزگاكە (سنە، ورمێ، ئیلام و كرماشان) زیاتر لە 184 هەزار ئاڵوودەبووی ماددەی هۆشبەر هەن كە 10%یان لە رەگەزی مێن، بەڵام ئەم ئامارانە ئاماری دەزگا فەرمییەكانی ئێرانن و لەبەر زۆر هۆكار قەت ئاماری راستەقینە راناگەیەنرێ.