ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وه‌زیری وزه‌ی سعوودیه ئاشكرای دەكات، به‌ هۆی ئه‌و هێرشه‌ی دوێنێ له‌ رێگای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ كرایه‌ سه‌ر دوو کارگه‌ی نه‌وتی سه‌ربه‌ كۆمپانیای نه‌وتی سعوودیە (ئارامكۆ) به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و دوو پاڵاوگه‌یه‌ راده‌گرن.

شازاده‌ عه‌بدولعه‌زیز بن سه‌لمان وه‌زیری وزه‌ی سعوودیه‌، به‌ ئاژانسی فەرمی هه‌واڵیی سعوودیه‌ی راگه‌یاندووه،‌ کە به‌ هۆی ئه‌و هێرشه‌ی له‌ رێگای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ كرایه‌ سه‌ر کارگه‌کانی بقێق و هەجرەت خرێس سه‌ربه‌ كۆمپانیای نه‌وتی سعوودیە (ئارامكۆ) به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و دوو کارگه‌یه‌ راده‌گرن. ئه‌و بۆشایی به‌رهه‌مهێنانه‌ش له‌ رێگای نه‌وتی عه‌مباركراوه‌وه‌ پڕده‌كه‌نه‌وه‌.

وه‌زیری وزه‌ی راشیگەیاندووە، به‌پێی زانیارییه‌ به‌راییه‌كان ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی له‌ ئاكامی هێرشه‌كه‌وه‌ روویانداوه‌ بووه‌ته‌ هۆی وه‌ستاندنی ده‌رهێنانی پێنج ملیۆن و ٧٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاو (نزیكه‌ی له‌سه‌دا ٥٠ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی رۆژانه‌ی كۆمپانیاكه‌).

شازاده‌ عه‌بدولعه‌زیز بن سه‌لمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ به‌ هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ كێشه‌ی كه‌می سووته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كانی ناوخۆ رووینه‌داوه‌ و كاره‌كانی دیاریكردنی زیانه‌كانی كۆمپانیاكه‌ به‌رده‌وامن.