ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بە فەرمانێکی دیوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، دەیەوێت حەشدی شەعبی رێک بخاتەوە و ئەو پێشنیازەشی خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.

عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان بە فەرمانی دیوانی ژمارە ٣٣١ کە لە ١٧ی ئەم مانگە واژووی لەسەرکردووە، تیایدا پەیکەربەندی رێکخراوەیی نوێی تایبەت بە دەستەی حەشدی شەعبی پەسەندکردووە، ھەروەھا سەرجەم ئەو پۆست و ناونیشانانەشی لابردووە کە دژە بە ناونیشانەکانی نێو پەیکەربەندییە نوێیەکە و ئەمەشی خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی. 

لە فەرمانە دیوانییە نوێیەکەدا، پۆستی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە ئەبو مەھدی موھەندس وەریگرتووە، نەھێشتووە و لەبەرامبەردا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی دەستە، فالح فەیاز-ی تۆکمەتر کردووە.

بەپێی بەڵگەنامەکان پۆستی سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی و ئەمینداری دەستەکە دوو لەو پۆستانەن کە زیاددەکرێن.

فەرمانە دیوانییەکە چوار خاڵ لەخۆدەگرێت کە بریتیین لە "پەسەندکردنی پەیکەربەندیی تایبەت بە حەشدی شەعبی، نەھێشتنی سەرجەم ئەو ناونیشان و پۆستانەی کە لەگەڵ ناونیشانە ھاتووەکانی پەیکەربەندیی نوێدا دژن، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەسەڵاتی دامەزراندن بە وەکالەتی بۆ پۆست و بەڕێوەبەرەکانی دەستەکە دەبێت و دەخرێتە بەردەم سەرۆکوەزیران بۆ پەسەندکردنیان، ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت".