ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرچاوە پزیشکییە عێراقییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایانگەیاند کە ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکان لە میانی سێ رۆژی رابردوودا، گەیشتووەتە ١٩ کوژراو.

ئەو سەرچاوانە رایانگەیاندووە، شەوی رابردوو ١٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی شارەکانی باشووری عێراق کوژراون کە پێنجیان لە شاری عەمارە و پێنجی دیکەیان لە ناسرییە بووە، بەوەیش کۆی ژمارەی قوربانییەکان لەو سێ رۆژەدا بۆ ١٩ کەس بەرزبووەتەوە.

ئاماژەیان بەوەیشکردووە کە لەنێو قوربانییەکانی ناسرییە، چوار کەسیان سڤیل و یەکیان پۆلیس بووە.

جگە لە کوژرانی ئەو ١٩ کەسە لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە لە رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەدان کەسی تریش برینداربوون، ھەروەھا لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە زیانی گەورە بە دامودەزگا حکوومی و حزبییەکان لە زیقار، میسان و نەجەف گەیەندراوە.

داواکاری خۆپیشاندەران بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان و رەخساندنی ھەلی کار و نەھێشتنی بێکاری و گەندەڵی کارگێری و داراییە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، بەشێک لە خۆپیشاندەرانش دروشمی رووخانی دەسەڵاتیان بەرزکردبوویەوە.