ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند كە لەگەڵ رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان رێككەوتوون لەسەر هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەكان تا ئەو كاتەی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت.

بەرپرسی شانەی بەدواداچوونەكان سەربە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا جەبار لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لەگەڵ سەرجەم رێكخەرانی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە رێككەوتووین لەسەرهەڵپەساردنی خۆپیشاندانەكان تا ئەو كاتەی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت".

مستەفا جەبار ئاماژەی بەوەیشكردووە كە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان ژمارەیەک داواكارییان پێشكەش بە شانەكەیان كردووە و ئەوانیش بەڵێنیان داوە جێبەجێیان بكەن.

ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی شیعە مەزهەب بە پیادە روو دەكەنە شاری كەربەلا باشووری عێراق بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بەشداری بكەن كە ٢٠ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.

پێشتر ئاژانسی هەواڵیی عێراق بڵاویكردبوویەوە كە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە دوای سەركەوتنی دانوستانەكانی نێوان نووسینگەی سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی و خۆپیشاندەران هەروەها دەستكردن بە جێبەجێكردنی داواكارییە راوەكانی خۆپیشاندەران، دووبارە ناوچەی سەوز بەڕووی هاتوچۆدا كراویەوە.