ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شوانە حەسەن- پەیامنێری ڕێگای کوردستان- بەریتانیا

لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا، باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەریتانیا هۆشداری دایە تورکیا لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر کردەیەکی تاکلایەنە بۆسەر خاکی سوریا.

ئەندریۆ موریسۆن، وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند: ئەوەمان بە ڕوونی بە تورکیا ڕاگەیاندووە کە نابێت تاکلایەنانە پەنا بۆ هیچ کردەیەکی سەربازی ببات، پیشبینی دەکرێت ئەم کردەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکەو هەڕەشە لەو هەوڵە بەردەوامانە دەکات کە بۆ لەناوبردنی داعش دەدرێن".

بەپێی هەواڵێکی ڕۆیتەرزیش، لەسەر زاری وتەبێژی بۆریس جۆنسیۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، تێیدا هاتووە:" بەریتانیا نیگەرانە لە بارەی ئەو کردە سەربازییەی تورکیا کە بانگەشەی بۆدەکات و بە نیازە لە باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامی بدات".

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، وتەبێژی بۆریس جۆنسۆن ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بڕیارەکە بۆ فەرماندەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگەڕێتەوە.