ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تدا، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كى خێراى داواكارییه‌كانى خۆپیشانده‌ران، چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركرد، تێیدا بڕیاردرا له‌ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى2020، هه‌موو ئه‌و یاسا و رێنماییانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ رێگه‌ به‌كه‌سێك ده‌دات زیاتر له‌ مووچه‌یه‌ك یان خانه‌نشینییه‌ك وه‌ربگرێت.

 به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كى نوسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران لیژنه‌یه‌كى باڵاى به‌سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆكى حكومه‌ت پێكهێناوه‌، بۆ ئاماده‌كردنى زه‌وى كشتوكاڵى بۆ شوێنى نیشته‌جێبوون و دابه‌شكردنى به‌سه‌ر هاووڵاتیانى شایسته‌دا، هه‌روه‌ها تاوتوێكردنى فراوانكردنه‌وه‌ى سنورى شاره‌وانییه‌كان.

 بڕیارێكى ترى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، كه‌ وه‌ك هه‌نگاوێكى چاكسازى دیاریكراوه‌، پێویسته‌ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2020، هه‌موو ئه‌و یاسا و رێنماییانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ رێگه‌ به‌ كه‌سێك ده‌دات زیاتر له‌ مووچه‌یه‌ك یان خانه‌نشینییه‌ك یان هاوكارییه‌ك وه‌ربگرێت، یه‌ك دانه‌یان هه‌ڵبژێرن و وه‌ریبگرن، ده‌بێت وه‌زاره‌تى كاره‌باش سیستمى وزه‌ى خۆر (تاقه‌ شمسیه‌) به‌سه‌ر 3 هه‌زار خێزانى هه‌ژاردا به‌بێ به‌رامبه‌ر دابه‌ش بكات، كه‌ كۆى پاره‌ى هه‌مووى ده‌كاته‌ 15 ملیار دینار.

 به‌پێى بڕیارێكى ترى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، بۆ ئاسانكارى و ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى كارى زیاتر، وه‌زاره‌تى بازرگانى رێوشوێنى تۆماركردنى كۆمپانیاكان ئاسانتر ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت بۆ گه‌نجان له‌ ته‌مه‌نىى 18 ساڵییه‌وه‌ تا 35 ساڵى، له‌ كرێ نوێكانیش ده‌به‌خشرێن.

 حكومه‌تى عێراقى له‌ دانیشتنه‌كه‌یدا ده‌سه‌ڵاتى داوه‌ته‌ هه‌موو وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان كه‌ ده‌ستبكه‌ن به‌ كارى نوێكردنه‌وه‌ و چاككردنه‌وه‌ و دروستكردن و فراوانكردن و خستنه‌سه‌ر و دانان و خستنه‌گه‌ڕ و ئاماده‌كردن و پاككردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌یه‌ك كه‌ تێچوونه‌كه‌ى ده‌گاته‌ 500 ملیۆن دینار، هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كه‌ له‌ ملیارێك دینار كه‌مترى تێده‌چێت بیده‌نه‌ كۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ران له‌ گه‌نجه‌ عێراقییه‌كان.

 به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌ى حكومه‌ت، هه‌ریه‌كه‌ له‌ بانكه‌كانى رافیده‌ین و ره‌شید به‌ سودێكى ره‌مزى كه‌م قه‌رز بده‌نه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ داتاى وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیدا تۆمارنه‌كراون، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى كاره‌با گه‌نجانى ته‌مه‌ن 18 بۆ 35 ساڵ بخاته‌كاره‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى پاره‌ى كاره‌باـ به‌پێى شوێنى دانیشتنیان، به‌هاندانى رێژه‌ى 5%ى به‌هاى ئه‌و پاره‌یه‌ى رۆژانه‌ وه‌ریده‌گرن، ئه‌وه‌ش دواى راهێنان و پێدانى كرێى رۆژانه‌یان، له‌سه‌ره‌تاى كاریشه‌وه‌ كرێى سێ مانگیان پێده‌درێت به‌رۆژانه‌ى پێنج هه‌زار دینار له‌كاتى ده‌ستكردنى به‌ راهێنانه‌كه‌یانه‌وه‌.

 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى بڕیارى پێدانى یارمه‌تى خوێندكارانى ئاماده‌یى كشتوكاڵى داوه‌، كه‌ مانگانه‌ په‌نجا هه‌زار دیناریان پێبدرێت، له‌ ساڵى خوێندنیان و ئه‌و بڕیاره‌ش ساڵى خوێندنى 2019 – 2020 ده‌گرێته‌وه‌.

 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، زانكۆ و كۆلێژه‌ ئه‌هلییه‌كان پابه‌ند ده‌كات به‌ وه‌رگرتنى ژماره‌یه‌كى گونجاو له‌ هه‌ڵگرانى بڕوانامه‌ى باڵا به‌پێى تواناى وه‌رگرتنى وانبێژى خۆیان و بۆ هه‌ر 25 قوتابییه‌ك یه‌ك مامۆستا له‌ پسپۆڕییه‌ كارگێڕى و مرۆییه‌كان و مامۆستایه‌ك بۆ 20 قوتابى بۆ زانسته‌كان، هه‌روه‌ها مامۆستایه‌ك بۆ هه‌ر 15 پسپۆڕییه‌ ئه‌ندازه‌یى و پزیشكییه‌كان.