ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سەرۆككۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە دەستبەجێ شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بووەستێت.

 رۆژی شەممە 12ی تشرینی یەكەمی 2019 د.بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرز، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامدا و داوایكردووە دەستبەجێ شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بووەستێ و رێگەچارەی ئاشتی و دیپلۆماسی بگیرێتەبەر.

سەرۆككۆماری عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا داوای لە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، رێگری لەو كارەساتە مرۆییە بگیرێت كە كوردانی ئەو ناوچەیە لەسەر دەستی توركیا رووبەڕووی بوونەتەوە.

بەرهەم ساڵح بە سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكانی راگەیاندووە، عێراق ھاوكاردەبێت و ئامادەی رۆڵگێڕانی كردەییە بۆ وەستانی شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان. شەڕ بەقازانجی بووژانەوەی داعش یان سەرھەڵدانی داعشێكی دیكە.

 لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ سەرۆككۆماری عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ فێدریكا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ئەنجامدا و داوایكرد یەكێتی ئەوروپا هەوڵبدات خێرا هێرشەكەی توركیا بووەستێنێت.