ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵەتی سووریا ئاشكرای دەكات، ئامانجی توركیا لە داگیركردنی خاك گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكەیە.

 رۆژی دووشەممە 4ی تشرینی یەكەمی 2019 عەبدولكەریم سارۆخان، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵەتی سووریا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "یاسا نێودەوڵەتییەكان كۆچپێكردنی زۆرەملێی بە نایاسایی پێناسە كردووە لەبەرامبەر خەڵكانێك و دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن، ئەم كارەشی خستووەتە چوارچێوەی تاوانەكانی جەنگ و تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی".

 بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵەتی سووریا راشیگەیاند، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتی جیهانیش دەكات كارێك بكەن بۆ ئەوەی رێگری لەو كارەساتە بكەن كە لەبەرامبەر خەڵك و دانیشتووانی ناوچەكە دەكرێت.

عەبدولكەریم سارۆخان ئاماژە بەوە دەكات "دوای ئەوەی دەوڵەتی توركیا رووبەری نێوان سەرێ كانی و گرێ سپی داگیركرد، دوای ئەوەی بە زۆرەملێ زیاتر لە 300 هەزار كەسی سڤیلی لە شار و شارۆچكەو گوندەكانی خۆیان كۆچبەر كرد، هەروەها ماڵ و نەخۆشخانەو ژێرخانی ئەو ناوچانەی وێرانكردن، ئەمڕۆش هەوڵی ئەوە دەدات خەڵكی ناوچەكانی دیكە لە ناوچەكانی ئێمە نیشتەجێ بكات، بەداخەوە ئەوەش بە هاوئاگەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەمەش تەنها بۆ ئامانجی سیاسییە، كە مەبەستەكەی تەنها گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەیە بە بیانوی گەڕاندنەوەی پەنابەران".

 سارۆخان دەشڵێت "ئێمە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە هەموو شێوەیەك ئەو سیاسەتە و ئەو ئاراستە و بیركردنەوە رەگەزپەرستانەی توركیا رەتدەكەینەوە و داوا لە رای گشتی جیهانیش دەكەین رێگری لەو كارەساتە بكەن كە لەبەرامبەر خەڵك و دانیشتوانی ناوچەكە دەكرێت".