ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

فەرماندەیەکی باڵای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، پێکەوەکارکردن و هاوبەشییان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامە و ئامانجیشیان تێکشکاندنی یەکجارەکی داعشە. 

ئێریک هیڵ، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جیهانییە و ئاماژەی بەوەشکرد، هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە و هەنگاوی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە پێویستن. 

هیڵ گوتی، چەکدارانی داعش هەوڵدەدەن خۆیان رێکبخەنەوە، سەرچاوەی نوێی داهات بۆ خۆیان بدۆزنەوە، تەنانەت لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییان لەگەڵ پاڵپشتیکارانیان هەیە و بەردەوامن لە پلان داڕشتن بۆ ئەنجامدانی هێرش.

فەرماندەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گوتی، عێراق و سووریا شوێنی دەرکەوتن و بەهێزبوونی داعش بوون و هەربۆیەش گرنگە لەو دوو وڵاتەدا بە تەواوی رێکخراوە پەڕگیرەکە تێکبشکێندرێت. 

هیڵ بە ئاماژەدان بەوەی ماوەیەکی زۆرە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەسەدە کاردەکات، گوتی: " ئێستاش بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ هەسەدە و راهێنانکردن پێیان، هەربۆیە پێموایە هاوبەشی نێوانمان بەهێزە". 

فەرماندەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە گرنگیەوە لە رۆڵی هەسەدەی لە تێکشکاندنی داعش روانی و گوتی، "ئەوان باشترین هێزن بۆ شەڕی داعش".