ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ڕێبین

بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی سەرژمێری و ئاماری عێراق، لە ساڵی ٢٠١٤ و بەهۆی شەڕی داعشەوە، تەنیا لە حەوت پارێزگای عێراق دا، زیانی زیاتر لە ٧٥ ترلیۆن دینار بەر کەرتە حکوومییەکان کەوتووە و زیاتر لە ١٤٧ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی خەڵکیش ڕووخاون.

یەکە زیانلێکەوتووەکان

ڕووپێوییەکە لە حەوت پارێزگای عێراق؛ مووسڵ، کەرکووک، دیالە، ئەنبار، بەغدا، بابل و سەلاحەدین ئەنجامدراوە و ١٤ کەرتی زیانلێکەوتووی لەخۆگرتووە؛ پیشەسازییە گۆڕاوەکان، گەیاندن، پەروەردە و خوێندن، نەوت، باڵەخانەی حکوومی، کەرتی ئاو، کارەبا، تەندروستی، سەرچاوەکانی ئاو، گواستنەوە، ڕۆشنبیری، کشتوکاڵ، بازرگانی و ژینگە.

بەگوێرەی ڕووپێوییەکەی دەستەی سەرژمێری و ئاماری عێراق، لەو حەوت پارێزگایەدا، هەشت هەزار و ٤٥٧ یەکە یان دامەزراوە زیانیان بەرکەوتووە. بەشێوەیەک کە زۆرترین زیان بە باڵەخانەکانی حکوومەت کەوتووە کە دوو هەزار و ١٦٧ یەکە دەگرێتەوە. لەدوای ئەودا، کەرتی گواستنەوە دێت، کە دوو هەزار و ٤١ یەکەی زیانیان بەرکەوتووە و لە پلەی سێیەمیشدا کەرتی پەروەردە و خوێندن دێت کە هەزار و ٦٧٩ یەکەی زیانیان بەرکەوتووە.

ڕووپێوییەکە، زیانی هەر یەکەیەک بەڕێژەی کەمتر لە ٤٠٪ی بە زیانی بەشەکی داناوە، بەڵام ئەگەر زیانی یەکەکە سەرووی ٤٠٪ بێت، وەک زیانی تەواوەتی داناوە.

تێچووی ئابووری زیانەکان

بەپێی ڕووپێوییەکە، تێچووی تێکڕای زیانەکان لە سەرجەم کەرتەکاندا، دەگاتە ٧٥ ترلیۆن و ٣٠٦ ملیار دیناری عێراقی. لەو چوارچێوەیەدا، زیانی هەرە گەورە بۆ کەرتی کارەبا بە بڕی نۆ ترلیۆن و ٥٨٦ ملیار دینار دەگەڕێتەوە. بەدوای ئەویشدا کەرتی نەوت بە بڕی شەش ترلیۆن و ١٤٥ ملیار دینار هاتووە. لەکاتێکدا کەرتی پیشەسازییە گۆڕاوەکان بە بڕی پێنج ترلیۆن و ٤٧٧ ملیار دینار زیانی بەرکەوتووە.

ئەوەی پەیوەندی بە زیانەکانی پێوەست بە ژێرخانەوە هەبێت، زیانەکە یەکجار گەورەیە، لەکاتێکدا زیانی دامەزراوەی وەزارەتەکان و فەرمانگە حکوومییەکان بە ٢٠ ترلیۆن و ٥١٤ ملیار دینار و زیانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەسەرجەم پارێزگاکاندا بە ١٨ ترلیۆن و ٧٤٦ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.

لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا، زۆرترین زیان بەر پارێزگاکانی سەلاحەدین، مووسڵ و ئەنبار کەوتووە. بەڕادەیەک پارێزگای سەلاحەدین زیانی ١٣ ترلیۆن و ٨٢١ ملیار دینار، پارێزگای مووسڵ زیانی ١٠ ترلیۆن و ٥٧ ملیار دینار و پارێزگای ئەنبار زیانی نۆ ترلیۆن و ٥٢٩ ملیار دیناری بەرکەوتووە. ڕووپێوییەکە هۆکاری زیاتری زیانەکانی لە پارێزگای سەلاحەدین بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە کە لەو پارێزگایەدا زیانی گەورە بە پرۆژەکانی کەرتی کارەبا و پاڵاوگەکانی نەوت کەوتووە، کە تەنیا زیانی کەرتی کارەبا لە پارێزگای سەلاحەدین پێنج ترلیۆن و ٨٧٩ ملیار دینار و زیانی کەرتی نەوت لە هەمان پارێزگادا پێنج ترلیۆن و ٧٧٩ ملیار دینار بووە.

بەدوای ئەو سێ پارێزگایەشدا، چوار پارێزگایەکەی دیکە؛ زیانی بەغدا ٩٦٢ ملیار دینار، دیالە ٧٧٥ ملیار دینار، کەرکووک ٥٦٠ ملیار دینار و بابل ٣٤٢ ملیار دینار بووە.

زیانی کەرتەکان لە پارێزگاکاندا

ڕووپێوییەکە ڕوونی کردووەتەوە، لە هەر پارێزگایەکدا کەرتێک لە کەرتەکان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. لەناویاندا؛ کەرتی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای مووسڵ گەورەترین زیانی بەرکەوتووە کە بڕەکەی دەگاتە دوو ترلیۆن و ٧٢٣ ملیار دینار و پاشان کەرتی کشتوکاڵ بە بڕی ٣٠ ملیار دینار زیانی بەرکەوتووە. لە پارێزگای کەرکووک کەرتی ئاوی خواردنەوە بە بڕی ١٥٧ ملیار دینار و کەرتی کارەبا بە بڕی ١٣٩ ملیار دینار و کەمترین زیانیش لەو پارێزگایەدا بەر کەرتی نەوت کەوتووە کە ١٣٨ ملیار دینارە.

گەورەترین زیان لە پارێزگای ئەنبار بەر کەرتی پیشەسازییە گۆڕاوەکان کەوتووە کە بڕەکەی چوار ترلیۆن و ٥٧٩ ملیار دینارە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی کۆمپانیای گشتی فۆسفات لەو پارێزگایەدا کە زیانەکەی بە سێ ترلیۆن و ٧٥٠ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، بەڵام کەمترین زیان لەو پارێزگایەدا بەر کەرتی ژینگە کەوتووە کە بە بڕی ٨٤٠ ملیار دینار دادەنرێت.

هەرچی پەیوەندی بە پارێزگای بەغداوە هەبێت، کەرتی کارەبا ٣٦٧ ملیار دینار و کەرتی ئاوی خواردنەوە ١٨١ ملیار دینار زیانی بەرکەوتووە. پارێزگای بابل کە کەمترین زیانی بە بڕی ٣٤٢ ملیار دینار بەرکەوتووە، زیانەکانی لە کەرتی کارەبادا گەیشتووەتە ١٤٦ ملیار دینار و لە کەرتی ئاوی خواردنەوەشدا ٥٢ ملیار دینار بووە.

هەروەک پارێزگای سەلاحەدین گەورەترین زیانی لە کەرتی کارەبادا بووە بە بڕی پێنج ترلیۆن و ٨٧٩ ملیار دینار و دواتر کەرتی نەوت و گاز بە بڕی پێنج ترلیۆن و ٧٧٩ میلیار دینار و پاشان کەرتی ژێرخانی حکوومی بە بڕی ٧٨٩ ملیار دینار و کەمترین زیانیش بەر کەرتی ڕۆشنبیری کەوتووە کە بڕەکەی دەگاتە ٢٩٠ ملیار دینار.

زیانەکانی خانوو و باڵەخانەکانی تایبەت

ڕووپێوەکەی دەستەی سەرژمێری و ئاماری عێراق، هەڵوەستەی لەسەر زیانەکانی شەڕی داعش لەسەر خانوو و باڵەخانەکانی تایبەت کردووە، کە خاوەندارێتییان بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە. بەو پێیە زیانەکان لەو کەرتەدا بە سەرووی ١٨ ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێن.

بەپێی ڕووپێوەکە ١٤٧ هەزار و ٥٩ خانوو یان یەکەی نیشتەجێبوون لەو حەوت پارێزگایەدا زیانیان بەرکەوتووە کە ٨٨ هەزار و ٨٩٢ خانوو لە شار و ٥٨ هەزار و ١٦٧ خانوو لە گوندەکاندا بوون. بەوەش بەڕێژەی ٦٠.٤٪ی خانووەکان لە شار و ٣٩.٦٪ی خانووە زیانلێکەوتووەکان لە گوندەکاندا بوون.

بەگوێرەی ڕووپێوەکە زۆرترینی زیانەکە لە شارەکاندا بووە بە بڕی ١٠ ملیار دینار کە ڕێژەی ٥٣.٤٪ی کۆی گشتی زیانەکانی خانووبەرە دەکات و لە ناوچەی گوندنشینیشدا بە سەرووی هەشت ترلیۆن دینار زیان هەبووە کە ڕێژەی ٤٦.٦٪ی کۆی گشتی زیانەکانی کەرتی خانووبەرە دەکات.

لەو چوارچێوەیەدا گەورەترین زیان بەر کەرتی خانووبەرەی مووسڵ کەوتووە کە بە هەشت ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت و ئەوەش دەکاتە ڕێژەی ٤٢.٧٪ی هەموو زیانەکانی کەرتی خانووبەرە لە تەواوی پارێزگاکاندا. بەدوای ئەویشدا پارێزگای سەلاحەدین دێت کە زیانی سێ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار بە کەرتی خانووبەرەی گەیشتووە و ڕێژەی ٢٠.٢٪ی زیانەکانی کەرتی خانووبەرە بەگشتی پێکدێنێت. هەرچی پارێزگای ئەنبار بێت بە بڕی سێ ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دینار زیان بەر کەرتی خانووبەرەی کەوتووە کە دەکاتە ڕێژەی ١٩،٢٪ی کۆی ئەو زیانانەی بەر کەرتی خانووبەرە لە تەواوی پارێزگاکان کەوتووە.

لەسەر ئاستی پارێزگاکانیشدا، وەک ئەوەی ڕوونکرایەوە زیاتر لە نیوەی زیانەکانی خانووبەرە لە ناوەندەکانی شاردا بووە، ئەوە لە پارێزگایەکی وەک مووسڵ زیانی پێنج ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار بە خانووبەرەی شار کەوتووە کە ڕێژەی ٥٧.٨٪ی هەموو زیانەکانی خانووبەرە بە گشتی دەکات، بەڵام زۆرترین زیان لە کەرتی خانووبەرەی گوندەکاندا بەر پارێزگای سەلاحەدین کەوتووە کە دوو ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینارە و ئەوەش ڕێژەی ٢٧.٧٪ی هەموو زیانەکانی کەرتی خانووبەرە لە گوندەکاندا پێکدێنێت. بەدوای ئەویشدا پارێزگای مووسڵ دێت کە بە بڕی دوو ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار زیان بە خانووی گوندەکانی کەوتووە کە ڕێژەی ٢٥.٣٪ی زیانەکانی کەرتی خانووبەرەی گوندەکان دێت.

لە پارێزگای مووسڵ کە ٥٤ هەزار و ٧٢٠ یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە، ٣٦ هەزار و ٤٥٠ خانوو لە شار و ١٨ هەزار و ٢٧٠ خانوو لە گونددا بوون. بەدوای ئەویشدا زۆرترین خانووبەرەی پارێزگای سەلاحەدین زیانیان بەرکەوتووە کە ٢٧ هەزار و ١٣٢ خانوو لە گوند و پێنج هەزار و ٧٣٤ خانوو لە شاردا بوون. جیا لە پارێزگای مووسڵ، تەواوی پارێزگاکانی دیکە هاوشێوەی پارێزگای سەلاحەدین زۆرترین زیان بەر کەرتی خانووبەرەی گوندەکانیان کەوتووە، بۆنموونە لە پارێزگای ئەنبار کە ٢٤ هەزار و ٦١٥ یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە، ١٢ هەزار و ٧٧٢ خانوو لە گوند و ١١ هەزار و ٨٤٣ یەکە لە شاردا بوون. لە پارێزگای کەرکووک کە ١٥ هەزار و ٨٩٤ یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە، ١٣ هەزار و ٦٤٤ یەکە لە گوند و تەنیا دوو هەزار و ٢٥٠ یەکە لە ناوەندی شارییدا بوون.

لەسەر ئەو بنەمایە کە ڕووپێوەکە دەستنیشانی کردووە، ڕووبەری ٧٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار مەتر دووجا لە یەکەی نیشتەجێبوون لە هەر حەوت پارێزگاکەدا زیانی بەرکەوتووە. کە پانتاییە گەورەکە بۆ پارێزگای مووسڵ دەگەڕێتەوە بە ڕووبەری نیشتەجێبوونی زیانلێکەوتووی بە سەرووی ٣٣ ملیۆن مەتر دووجا دەستنیشان کراوە.