ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری دەرەوەی فڕەنسا هۆشداریدایە کۆماری ئیسلامی ئێران و رایگەیاند، بەپێی رەشنوسی رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015، رێگەدراوە سزا نێودەوڵەتیەکان دوبارە بەسەر ئێراندا بسەپێندرێتەوە، بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەی ئەو وڵاتە ئەنجامیداوە.

ژان ئیڤ لۆ دریان، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لەبارەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رایگەیاند، "هەمو دو مانگ جارێک ئێران پابەندیەکانی بە رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 کەمتر دەکاتەوە، بۆیە من داوا دەکەم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بگەڕینەوە بۆ رەشنوسی رێککەوتننامەکە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەرەشنوسی رێککەوتننامەکەی 2015دا رێگە دراوە بە گەڕاندنەوەی سزا ئابوریە نێودەوڵەتیەکان بۆ سەر ئێران، ئەگەر هاتو پابەندیەکانی خۆی بە رێککەوتننامەکەوە کەمکردەوە.

ساڵی رابردو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 کشایەوە و دوبارە سزا بابوریەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لەبەرامبەردا ئێرانیش بەچەند هەنگاوێک پابەندی خۆی بە رێککەوتننامەکەوە کەمکردەوە.

لە 13 ئەم مانگەشدا سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، تاران 60 ئامێری پیتاندنی ناوەکی نوێی خستوەتەکار، ئەوەش لەچوارچێوەی هەنگاوی چوارەم لە کەمکردنەوەی پابەندیەکانی ئێران بەڕێککەوتننامەکەوە دێت.

شارەزایانی بواری ئەتۆم لەوبارەیەوە نیگەرانن، بەهۆی ئەوەی ئەو رێژە یۆرانیۆمەی کە ئێران دەیپیتێنێت زۆر نزیک بوەتەوە لەو رێژەیەی، کە دەتوانرێت چەکی ئەتۆمی پێ دروستبکرێت.