ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرکردەی رەوتى سەدر، موقتەدا سەدر لە دوای بريارى دەستلەكاركێشانەوى سەرۆكوەزيران، عادل عەبدولمەهدى داواى لە خۆپيشاندەران كرد "گۆڕەپانەكان چۆڵنەكەن و سەرۆكوەزيرانى نوێ لەلايەن خەڵكەوە دەستنيشان بكرێت".

موقتەدا سەدر لە رێگەى هه‌ژماری خۆى لە تۆڕى كۆمەڵايەتى تويتەرەوە رايگەياند: "سوپاس بۆ خودا، شۆڕش يەكەم بەرهەمى پێگه‌یشت، و سەرۆكوەزيران دەستيلەكاركێشايەوە. بەڵام ئەم دەستلەكاركێشانەوەيە، ماناى كۆتاييهاتنى گەندەڵييەكان ناگەینێت".

سەدر لە تويتەكەيدا نووسيویەتی: "با سندووقى دەنگدان لە گۆڕەپانەكانى خۆپيشاندان دابنرێت و سەرۆكوەزيرانى نوێ لە نێوان پێنج كانديد هەڵبژێردرێت. كابينەى سەرۆكوەزيرانى نوێ، پارتە سياسييەكان و ميليشاكانى تێدا نابێت، دەبێت دوور بێت لە سياسەت و تايفەگەریى و نەتەوەگەریى".

هەروەها داواى لە خۆپيشاندەران كردووه‌ پاشگەزنەبنه‌وه‌ و شەقامەكان چۆڵنەكەن و نووسيویەتی: "تكا لە وڵاتانى دۆستى عێراق دەكەم، دەرفەت بدەنە عێراقييەكان بۆ ئەوەى داهاتووى خۆيان ديارییبكەن".