ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

 

كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق، نوێترین ئاماری له‌ باره‌ی زیانی گیانی خۆپیشانده‌ره‌ عێراقییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌.

 

عه‌لی به‌یاتی، ئه‌ندامی كۆمیسیارانی كۆمیسۆنه‌كه‌،  به‌ رۆژنامه‌ی "الشرق الأوسط"ـی راگه‌یاندووه‌، تا دوێنێ سێشه‌ممه‌ 3ی كانوونی یه‌كه‌مى 2019، ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشاندانه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ (433) كه‌س و نزیكه‌ی (20) هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون، كه‌ زۆرینه‌یان خۆپیشانده‌رن و به‌شێكیشیان كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن.

عه‌لی به‌یاتی، وتيشى"ژماره‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ (2) هه‌زار و (597) كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ (2) هه‌زار و (441) كه‌سیان ئازاد كراوون و (156) كه‌س له گرتووخانه‌كان ماونه‌ته‌وه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش دوێنێ له‌سه‌ر داوای كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ (15) ده‌ستگیركراوی دیكه‌ ئازاد كراوون".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمیسیۆنه‌كه‌، داواشیكرد، "ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی هه‌موو ئه‌و هاووڵاتییه‌ خۆپیشانده‌رانه‌ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ ئازاد كراوون و هیچ تۆمه‌تێكیان له‌سه‌ر ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌".

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سێشه‌ممه‌ 3ی كانوونی یه‌كه‌مى 2019، كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ نێرده‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ عێراق پرسی خۆپیشاندانه‌كانی عێراقی تاوتوێكرد.

عه‌قیل موسه‌وی سه‌رۆكی كۆمیسیۆنه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "زیاتر له‌ (400) كارمه‌ندی كۆمیسیۆنه‌كه‌ی له‌و گۆڕه‌پانانه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، كه‌ خۆپیشاندانیان تێدا ده‌كرێت، به‌ مه‌به‌ستی تۆماركردنی حاڵه‌ته‌كانی پێشێلكاری".

خۆپیشانده‌ره‌ عێراقییه‌كان داوا ده‌كه‌ن، سیستمی سیاسی عێراق بگۆڕێت و چاكسازی بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجام بدرێت و حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ستله‌كار بكێشنه‌وه‌.