ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا راپۆرتی خۆی لەبارەی لێكۆڵینەوەكان لە دۆناڵد ترەمپ بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوە دەكات، ترەمپ بەرژەوەندییەكانی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.

 راپۆرتەكە لەلایەن لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكاوە ئامادەكراوە، كە دیموكراتەكان تێیدا زۆرینەن، لە راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە، ترەمپ ویستوویەتی بەها دیموكراسییەكانی ئەمریكا پێشێلبكات و ئاسایشی ئەمریكای خستووەتە مەترسییەوە و دواتریش هەوڵیداوە شتەكان لە كۆنگرێس بشارێتەوە.

 لێكۆڵینەوەكان زیاتر تایبەتبوونە بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ڤۆلۆدمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراینا. گوایە ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا داوای لە سەرۆكی ئۆكراینا كردووە لێكۆڵینەوە لە بەربژێرە ركابەرەكەی بكات، كە جۆ بایدن جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكایە و سەر بە پارتی دیموكراتەكانە.

 بەپێی راپۆرتەكە، ترەمپ ویستوویەتی لەبەرامبەر دوو شت ئەم كارە بە ئۆكراینا بكات، یەكەمیان رێكخستنی سەردانێك بۆ سەرۆكی ئۆكراینا بۆ واشنتن بووە، دووەمیان پاڵپشتیكردنی سەربازیی ئۆكراینا بۆ شەڕی دژی دووژمنەكەی كە رووسیایە.

 هەر لەراپۆرتەكەدا هاتووە، زیلینسكی داوای ترەمپی بۆ لێكۆڵینەوە لە جۆ بایدن قبووڵكردووە و بە بایەخەوە سەیری ئەو سەردانەی كردووە كە ترەمپ لە كۆشكی سپی بۆی رێكدەخات.