ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوپەیمانییەتی یەمەن بۆ چاودێریكردنی پێشێلكارییەکانی مافی مرۆڤ رایگەیاند کە لە ئاكامی ئەو جەنگەی پێنج ساڵە لە یەمەن بەردەوامە، تا ئێستا ١٥ هەزار و ٤٢٠ مەدەنی كوژراون و ٢٢ هەزار ٩١٦ی دیكەش برینداربوون.

بەبۆنەی رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، هاوپەیمانییەتی یەمەن بۆ چاودێریكردنی پێشێلكارییەکانی مافی مرۆڤ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە، بەهۆی ئەو جەنگەی كە ماوەی پێنج ساڵە لە ئەنجامی كودەتای میلیشیاكانی حووسی بەرپاكراوە، یەمەن رووبەڕووی خراپترین رەوشی مرۆیی بووەتەوە.

نەتەوە یەكگرتووەكان١٠ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤ ناساندوە.

لە راگەیەندراوەكەی هاوپەیمانییەتی یەمەن بۆ چاودێریكردنی پێشێلكارییەکانی مافی مرۆڤ هاتووە "لەسەرەتای كۆنترۆڵكردنی شاری سەنعا لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٤دا لە لایەن حووسییەكانەوە تا كۆتایی تشرینی دووەمی رابردوو، ١٥ هەزار و ٤٢٠ مەدەنی كوژراون و ٢٢ هەزار و ٩١٦ی دیكەیش برینداربوون".

بەپێی راگەیەندراوەكەی هاوپەیمانییەتی یەمەن بۆ چاودێریكردنی پێشێلكارییەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا چوار هەزارو ٢٧٢ مەدەنی لە یەمەن رفێندراون بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكرێت ئایە لە ناوچەكانی ژێركۆنترۆڵی حووسییەكان یان هێزەكانی سەربە حكوومەتی یەمەن رفێندراون.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لەمیانی پێنج ساڵی جەنگدا، شەش هەزار و ٣٥٢ منداڵ چەكداركراون، بێ‌ ئەوەی ئەو لایەنە ئاشكرا بكرێت كە ئەو منداڵانەی چەكدار كردووە.

هاوپەیمانییەتی یەمەن بۆ چاودێریكردنی پێشێلكارییەکانی مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوەکەیدا هەروەها تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی کە بەهۆی ئەو بۆمبانەی كە لە لایەن حووسییەكانەوە لە ژمارەیەك پارێزگای یەمەن چێندراون، هەزار و ٣٠٠ مەدەنی کوژراون.

لە راگەیەندراوەكەدا داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كراوە كە بەپەلە دەستوەردان بكات بە ئامانجی كۆتایی هێنان بەو پێشێلكارییانەی كە لە یەمەن ئەنجام دەدرێن، هەروەها داوا لە حووسییەكانیش كراوە كە لەمیانی هێرشەكانیاندا هاووڵاتییان نەكەنە ئامانج و سەرجەم ئەو كەسانەی كە دەستبەسەری كردوون، ئازاد بكەن.

تا ئێستا هیچ روونكردنەوە و زانیارییەك لەوبارەوە لە لایەن حووسییەكانەوە بڵاونەكراوەتەوە.