ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، بەمنزیكانە و بەپێی دەستووری عێراق بەربژێری سەرۆكوەزیران یەكلادەكرێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 12ی كانوونی یەكەمی 2019 سالار مەحموود، گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بەمیدیاكانی راگەیاند "هەرچەندە پرسەكە ئاڵۆز و هەستیارە، بەڵام بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق سوورە لەسەر یەكلاییكردنەوەی پرسی دەستنیشانكردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەپێی رێڕەو و ماوە دەستوورییەكان".

سالار مەحموود راشیگەیاند، "سەرۆككۆمار بەردەوام لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان، سەرۆكایەتی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان كۆدەبێتەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی دەستنیشانكردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران لە ماوەی دەستووری خۆیدا، بۆیە بەدڵنیاییەوە بەم نزیكانە بەربژێر بۆ سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق یەكلادەكرێتەوە".