ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندیی لە بەغدا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ١٧ خۆپیشاندەر لە پارێزگای میسان باشووری عێراق دەرکرد، بەتۆمەتی کوشتنی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی و برایەکی لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو.

رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی رابردوو، خۆپیشاندەران گەمارۆی بارەگایەکی "عەسائیب ئەهلی حەق"یان لە شاری عەمارە ناوەندی پارێزگای میسان دا، کە لەلایەن قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکرێت و بەرپرسی بارەگاکە، وسام عەلیاوی و برایەکی، عیسام عەلیاوی-یان کوشت.

ئەم هێرشەی خۆپیشاندەران بۆسەر بارەگاکەی عەسائیب ئەهلی حەق دوای ئەوە دێت کە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانانی بارەگاکە روویدا و بەهۆیەوە نۆ خۆپیشاندەر کوژران و نزیکەی ١٠٠ی دیکە برینداربوون.

بەپێی فەرمانی دەستگیرکردنەکە کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندیی لە بەغداوە دەرچووە و ئاڕاستەی هێزەکانی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کراوە، تیایدا ١٧ کەس کە دانیشتووی شاری عەمارە ناوەندی پارێزگای میسانن، بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبارکراون.

بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی "هەرکەسێک بە ئەنقەست کەسێک بکوژێت بە لەسێدارەدان سزادەدرێت".

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٤٩٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كه‌سی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.