ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران رێوڕەسمی ده‌ربڕینی هاوخه‌می بۆ قوربانییانی فڕۆكه‌ ئۆكراینییه‌كه‌ گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی دژبه‌ حكوومه‌ت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بابه‌تێكی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویه‌تی "هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتمه‌وه‌ پشتیوانی گه‌لی چاونه‌ترس و سته‌مدیده‌ی ئێران بووم و كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌شم به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتگیریكردنتان. له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری خۆپیشاندانه‌كانتان ده‌كه‌ین و ئیلهام له‌ ئازایه‌تیتان وه‌رده‌گرین".

سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ تویتی دووه‌میدا، بانگه‌وازێكی ئاراسته‌ی حكوومه‌تی تاران كردووه‌ و داوای لێكردووە رێگه‌ بدات گرووپه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ رووماڵ و چاودێری خۆپیشاندانه‌كانی گه‌لی ئێران بكه‌ن.

هۆشداری له‌وه‌یشداوه‌ کە توندوتیژی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام ئه‌نجام نه‌درێت و هێڵی ئینته‌رنێتیش نه‌وه‌ستێندرێت چونكه‌ جیهان له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری ره‌وشه‌كه‌ ده‌كات.

دواتر سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تره‌مپ هه‌ردوو په‌یامه‌كه‌ی به‌ زمانی فارسی-یش بڵاوكرده‌وه‌.

رۆژی هه‌شتی ئه‌م مانگه‌ فڕۆكه‌یه‌كی ئۆكراینا له‌ تاران كه‌وته‌خواره‌وه‌ و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی کە ژمارەیان ١٧٦ کەس بوو گیانیان له‌ده‌ستدا.

دوێنێش له‌به‌رده‌م زانكۆى ئه‌میر كه‌بیر له‌ تاران رێوڕسمێکی تایبه‌ت به‌ ده‌ربڕینی هاوخه‌می بۆ قوربانییانی رووداوه‌كه‌ رێكخرا و به‌هۆی گوتنه‌وه‌ی دروشمه‌وه‌ گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی دژبه‌ حكوومه‌ت.

هێزه‌كانی پۆلیسی تایبه‌ت بڵاوه‌یان به‌ خۆپیشانده‌ران كرد و سه‌رجه‌م رێگاكانی سه‌ر خۆپیشاندانه‌كه‌شیان به‌ڕووی هاتوچۆدا داخست، به‌مشێوه‌یه‌ رێگرییان له‌ به‌شداریكردنی خه‌ڵكی زیاتر و گه‌وره‌بوونی شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌تییەكه‌ گرت.