ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

خۆپیشاندەرانی لوبنان و هێزە ئەمنییەكان لە بەردەم پەرلەمان رووبەرووی یەكبوونەوە و دەیان خۆپیشاندەر بریندار بوون.

خاچی سووری لوبنانی ئاشكرایكرد" زیاتر لە ١٠٠ بریندار لەخۆپیشاندانەكانی ناوەڕاستی بەیروتدا هەیە و زیاتر لە ٤٠ یشیان رەوانەی نەخۆشخانە كراون".

هاوکات میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، خۆپیشاندەران  بە بەرد رووبەرووی هێزە ئەمنییەكان بوونەتەوە، هێزە ئەمنییەكان داوایان لە خۆپیشاندەران كردوە لە شوێنی رووبەروو بوونەوەكە دووربكەونەوە.

لای خۆیەوە سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی كار بەڕێكەری لوبنان رووداوەكان بە گوماناویی وەسف كرد و دەڵێت" رەتیدەكەینەوە بەهەموو شێوەیەك".

خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ەوە دەستیان پێ کردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەلوەشاندنەوەی حکوومەتەکەیان، دەکەن.

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ رۆژی پێنج شەممە بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەكانی لوبنان توندوتیژییان لە دژی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە، لەسەرو هەمووشیانەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەریان دەستگیركردووە.

لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە:

- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی

- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب

- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب

بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی ١٩٧٥ تا ١٩٩٠ شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی ١٢٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.