ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خاچی سووری لوبنانی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان لە ناوەڕاستی بەیروت برینداربوون، بەرزبوویەوە و گەیشتە ١٦٥ کەس.

خاچی سووری لوبنانی لە راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ٦٥ لە بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە، و ١٠٠ بریندارەکەی دیکە لە شوێنی رووبەڕووبوونەوەکان فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ ئه‌نجامدراوه‌.

بەپێی راگەیەنراوەکەی خاچی سووری لوبنانی، ١٨ تیمیان کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان و ئاستی ئامادەکارییەکان بۆ باڵاترین ئاست بەرزکردووەتەوە.

لە میانی خۆپیشاندانەکاندا کە لەژێر ناوی "باجەکەی نادەین" و بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان دژ بە ناسەقامگیری دۆخی سیاسیی و ئابووریی لە لوبنان بەردەوامیی هەیە، خۆپیشاندەران لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان لە ناوەڕاستی بەیروت، گردبوونەوە.

خۆپیشاندەران داوای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی، سزادانی گەندەڵکاران، پێکهێنانی حکوومەت لە کەسانی پسپۆڕ و سەربەخۆ و کاندیدنەکردنی وەزیرەکانی حکوومەتی پێشوویان ده‌كه‌ن.

پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەیروت رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا. 

لە لای خۆیەوە سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون داوای لە سوپا و هێزە ئەمنییەکان کرد هێمنی و ئاسایش بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی بەیروت بگێڕنەوە. 

لە ١٧ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە خۆپیشاندان لە لوبنان بەردەوامیی هەیە و ئەمەش وایکرد سەرۆکوەزیران، سەعد حەریری لە ٢٩ی هەمان مانگ دەستلەکاربکێشێتەوە.