ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند کە دانیشتنی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر بەخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ساز دەکرێت.

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ سازکردنی دانیشتنی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر بەخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت کۆبوویەوە و داوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا دانیشتنی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر بەخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ساز بکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران مەرجی ئەوەی داناوە کە بەرلە سازکردنی دانیشتنەکە، دەبێت سەرۆکوەزیرانی راسپێردرا، محەمەد توفیق عەللاوی بەرنامەی کابینەکەی و ناوی وەزیرە نوێیەکان رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات.

دوێنێ یەکشەممە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی رایگەیاندبوو کە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، دانیشتنی تایبەت بۆ دەنگدان لەسەر بەخشینی متمانە بە کابینەی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران، محەمەد تۆفیق عەللاوی ساز دەکرێت.

بەڵام رۆژی شەممەی رابردوو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی رایگەیاندبوو تا ئەو کاتەی ناوی وەزیرە نوێیەکان و بەرنامەی کابیەنەی نوێی حکوومەت رادەستیان نەکرێت، ناتوانن دانیشتنێکی تایبەت بۆ بەخشینی متمانە بە کابینەی حکوومەتەکەی، محەمەد تۆفیق عەللاوی ساز بکەن.

بەپێی دەستووری عێراق، دانیشتنی تایبەت بۆ بەخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت لەسەر داوای ٥٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران یان سەرکۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، یان سەرۆکوەزیران ئەنجامدەدرێت کە سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەش دەگرێتەوە.

بۆ به‌خشینی متمانە پێویستە حکوومەتی نوێ دەنگی زۆرینەی رەها (٥٠+١)ی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەکە بەدەست بهێنێت (نەک ژمارەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران).

رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، محەمەد تۆفیق عەللاوی رایگەیاندبوو کە وەزیرەکانی لە کەسانی سەربەخۆ و بێ لایەن پێکهاتووە.