ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

به‌پێی ئاماره‌ جیهانیه‌كان، تا ئێستا ژماره‌ی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ جیهاندا گه‌یشتوه‌ته‌ 85 هه‌زار و 182 كه‌س، لەو ژمارەیەش 39 هه‌زار و 485 كه‌س دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتوه‌، وڵاتی چینیش بە تۆمارکردنی 327 حاڵەتی نوێ کەمترین رێژەی بڵابونەوەی کۆرۆنای تۆمارکرد.

به‌پێی ئاماره‌ جیهانیه‌كان، له‌مانگی رابردوه‌وه‌ تا ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ 48 وڵاتی جیهاندا بڵاوبوه‌ته‌وه‌، رێژه‌ی توشبوانیش به‌و ڤایرۆسه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ 85 هه‌زار و 182 كه‌س، لەو ژمارەیەش دو هه‌زارو 924 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

هاوكات تا ئێستا 39 هه‌زار و 485 كه‌س دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی چاكبونه‌ته‌وه‌ و نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتوه‌، بە ئامانجی خۆپارێزی زیاتریش لە بەشێكی ئەو وڵاتانە ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتییەکان داخراون.

ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی كوشنده‌یه‌و مانگی رابردو، له‌ شاری وهانی چین سه‌رهه‌ڵدا، له‌ئێستادا بوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی جیهانی و له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش چه‌ندین حاڵه‌تی توشبون به‌و ڤایرۆسه‌ تۆماركراوه‌.