ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیرێکی ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی ئێران، رەزا رەحمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

لەوبارەوە مالپەڕی هەواڵیی "عەسر-ی ئێران" بڵاویکردەوە، پزیشکەکان ئەوەیان پشتراستکردووەتەوە کە رەزا رەحمانی تووشی جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (Kovid-19) بووە و لە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی لە تاران گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە و خراوەتە ژێر چاودێری چڕی تەندروستییەوە.

ماڵپەڕی ناوبراو ئاماژەی بەوەیشکردووە کە تەندروستی رەزا رەحمانی جێگیرە و بەرەو باشی دەڕوات.

دوێنێ سێشەممە جێگری وەزیری تەندروستی ئێران، عەلی رەزا رەئیسی ئاشکرایکردبوو ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ٧٧ کەس و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە دوو هەزار و ٣٣٦ کەس.

پێشتر راگەیەندرابوو کە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکی لە پەرلەمانی ئێران، موجتەبا زو نور لەگەڵ پێنج ئەندامی دیکەی پەرلەمان و جێگری سەرکۆماری ئێران بۆ کاروباری ئافرەت و خێزان، مەعسومە ئیپتکار و جێگری وەزیری تەندروستی ئێران، ئیرەج حەریرچی و سەرۆکی زانکۆی پزیشکی لە پارێزگای قوم، محەمەد رەزا قەدیر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

بۆ یەکەم جار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا و لەئێستادا لە ٧٨ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

هاوکات لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دۆخی له‌ناكاوی راگه‌یاند.