ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند كە سووتاندنی بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ئامانج لێی كەمكردنەوەی بەرهەمی نیشتمانی كشتوكاڵی عێراقە.

لەوبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی بارزگانی عێراق، محەمەد حەنوون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "سووتاندنی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لە لایەن تیرۆریستانی داعٍشەوە پلانێكە بۆ ئەوەی بەرهەمی نیشتمانی كەم بكرێتەوە، تا عێراق گەنم لە دەرەوە هاوردە بكات".

راشیگەیاند: "وەزارەتی بازرگانی لە هەماهەنگییەكی باش دایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە سەرجەم پارێزگاكان بۆ ئەوەی رێگری بكەن لە سووتاندنی بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان.

محەمەد حەنوون ئاشكراشیكرد كە سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی سازكردووە بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرهەمهێنانی گەنم، چونكە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ئابووری وڵات، جگە لەوەش پلان بۆ كرێنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران داندراوە.

پێشتر وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند كە تیرۆریستی داعش بەرپرسن لە سووتاندنی بەروبوومە كشتوكاڵیەكان لە ناوچەكان و جەختیكردبوویەوە لەسەر ئەوەی كە سووتاندنی بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان كاریگەری نابێت لەسەر پلانی ئاسایشی خۆراك لە عێراق.