ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کەنەدا یەکەمین پشکنینی تاقیگەیی بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێک لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێکرد، پرۆسەکەش لەلایەن زانکۆی داڵهاوز لە کەنەدا سەرپەرشتی دەکرێت.

جەستن ترودوو، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "تەندروستی کەنەدا، یەکەمین پشکنینی کلینیکی کەنەدیان بۆ ڤاکسینی کۆڤید19 پەسندکردووە و لە سەنتەری کەنەدی بۆ زانستی کۆزمۆلۆجی لە زانکۆی دالهاوز دەکرێت."

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا راشیگەیاند، دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ئەم پشکنینە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و هەروەها کاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستپێکردن بەم هەوڵە هەواڵێکی هاندەرانەیە و ئەنجوومەنی توێژینەوەی نیشتمانی کەنەدا لەگەڵ ناوەندە پیشەسازییەکاندا کاردەکات تاوەکو پشکنینی ڤاکسینەکە سەرکەوتووبێت و بتوانین لە وڵاتەکەماندا بەرهەمی بهێنین و دابەشیبکەین.

بەپێی ئامارەکان تائێستا  75 هەزار و 864 کەس لە کەنەدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە پێنج هەزار و 679 کەس گیانیان لەدەستداوە و 37 هەزار و 819 کەسیش چاکبوونەتەوە.