ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە عیراق بڕیاریدا بۆ ماوەی هەفتەیەك لە سەرتاسەری عیراق قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆ پەیڕەو بكرێت.

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەمڕۆ لیژنەكە بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران لەگەڵ شانەی قەیرانەكانی پەڕلەمان كۆبۆتەوە و چەند بڕیارێكی دەركردووە.

ڕاشیگەیاندووە، كە بڕیار دراوە لە سبەینێوە یەك شەممە 31ی ئایار بۆ ماوەی هەفتەیەك قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆ لە سەرتاسەری عیراق پەیڕەو بكرێت، هەرچەندە پێشنیار كرابوو قەدەغەكە بۆ دوو هەفتە (14) ڕۆژبێت و تاوەكو 13ی حوزەیران بەردەوام بێت بە مەبەستی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هەر بەپێی بڕیارەكە، لایەنە ئەمنییەكان دەستبەكار دەبن بۆ پەیڕەوكردنی قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هاووڵاتیان لە گەڕەك و كۆڵانەكان و جەختیش لە بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش كراوەتەوە.

وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، “سەرجەم فەرمانگەكان جگە لە تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان دادەخرێن و ماركێت و دوكانی سەوزە و میوە ڕێگەیان پێ‌ دەدرێت بە كردنەوە بەمەرجی بەكارهێنانی ڕێكاری خۆپارێزی و نابێت لە 5 كەس زیاتر كاریان تێدا بكات و دەرمانخانەكانیش بە مەرجی خۆپارێزی دەكرێنەوە و خواردنگەكان تەنها بە دیلیڤەری كاردەكەن و ڕێگە بەكاركردنی تەكسی و پاس نادرێت”.